سەمەژێ: دەبێت بە خێرایى رێکخراوەکانى ژنانى ئێزدی بەهێز بکرێن

چەتری ئەنجوومەنى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) بۆ کۆتایهاتن بە سڕینەوەى جەستەیى و رۆشنبیری، سەرنجی خستە سەر گرنگیى بە رێکخستنکردن.

چەتری ئەنجوومەنی ژنانى ئێزدی(سەمەژێ - SMJÊ) لە شاری بیلیفێلد کۆبوونەوەى بەرفراوانى بەڕێوەبەریى ئەنجامدا. دەیان ئەندامى سەمەژێ لە هەرێمەکانى بەرلین، ساربروکن، ئاخم، سێل، لییەر، هایدەکرایس، ویزل، ئیمریش، و بیلیفێڵد بەشدارییان لە کۆبوونەوە بەرفراوانەکەدا کرد.

کۆبوونەوەکە بە مەراسیمى رێزگرتن دەستیپێکرد و نورێ ئالکش وتەبێژی سەمەژێ کۆبوونەوەکەى بەڕێوەبرد. ئالکش رایگەیاند "خەباتی ژنانى ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٨دا گەلێک بەرهمی پیرۆزی ئافراندووە، بەڵام لە ئاستێکى بەرزدا پێویستی بە تێکۆشانی ئازادی هەیە. دەبێت ئێمە ئەو تێکۆشانە بە شێوەیەکى بەردەوام درێژە پێبدەین".

چیچەک یڵدز هاوسەرۆکى ناوەندی یەکێتیى کۆمەڵە و رێکخراوەکانى ئێزدی (ناڤ یەک ،NAV-YEK) لەو کۆبوونەوەیەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و کوشتنى ٢ ژنى گەنجی ئێزدی لە ماوەی هەفتەیەکدا کە لە ٢ شاری جیاجیادا روویاندابوو، ئیدانە کرد.

یڵدز باسی لە گرنگیى پەروەردەى ژنان لە رووی هۆشیاری و هۆشمەندییەوە کرد و تى "تەنها بە خۆ بەرێکخستنکردنێکى گەورە لە دژی هۆشمەندی و عەقڵییەتى زایەندپەرستى و دەسەڵاتخوازانە، کە ژن بە کۆیلەى خۆی دەزانێت، دەتوانین رێگا لە سڕینەوە و پاکتاوی جەستەیى و رۆشنبیری بگرین".

پەلدا شەنگالی نوێنەری بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى ئێزیدخان (تاژێ - TAJÊ) سەرنجی خستە سەر سیاسەتى هێزە داگیرکەرەکان، کە هەوڵیانداوە بە شێوازی جۆراوجۆر لە کەسایەتیى ژنانى ئێزدیدا ورە و بڕوای کۆمەڵگە تێکبشکێنن.

شەنگالی ئەوەشی وت "هێرش لە دژی مام زەکى شەنگال بۆ ئەوە بوو، کە نیشانى بدەن هێرش و فەرمان بەردەوامیى هەیە. دەبێت رێکخستن و رێکخراوەکانى ژنانى ئێزدی بە خێرایى بەهێز بکرێن تاوەکو رێگا لە کوشتار و فەرمانەکان بگیرێت".

لە کۆبوونەوەکەدا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بابەتى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بوو. بەشداربوانى کۆبوونەوەکە یەکدەنگ بڕیارى بەردەوامیدان و بەرزکردنەوەى ئاستى تێکۆشانیان لە دژی گۆشەگیری دا.

لە کۆبوونەوەکەدا پلانسازی بۆ ساڵی ٢٠١٩ کرا. لەو پلانسازییەدا بەشێکى بەرفراوان بۆ تێکۆشان لە دژی توندوتیژیى سەر ژنان تەرخان کراوە.

ر.م