ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بە نزیکبوونەوە لە ۸ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، ژنان وەک چالاکییەک ٦ هەزار واژۆ كە ماوەیەك بەرلە ئێستا لەلایەن ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی كۆكرابوونەوە و لەگەڵ یاداشتێک ڕادەستی پارلەمانی هەرێمی کوردستان کرد.
لەو بارەو شۆخ محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەونووسیدا کە لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان ئەنجام درا، بەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت: "ئەمڕۆ بە بۆنەی ٨ی مارس، ٦ هەزار واژۆ و یاداشتێكمان پێشكەش بە پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان كرد، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێكردنی تەواوی یاسایی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی".
شۆخ وتیشی: "بەمەبەستی جێبەجێكردن یاساكە داوا لەحكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، لەسەرجەم شارەكانی كوردستان شەڵتەر بكاتەوە بۆ قوربانیانی توندوتیژی و شەڵتەرەكانیش پارێزراو بن و ببن بەشوێنێكی ئارام، چونكە ئێستا ئەو شەڵتەرانەی هەن ووەک بەندینخانەیەكی لێهاتووە.، پێویستیشە لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و نەهێشتنی خەتەنەی مێیینە، سەرجەم چین و توێژەكان وشیار بکرێنەوە".
ناوبراو ئاشکرای کرد: "هاوكات داواشمان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی کردوە تا شوێنی تایبەت بۆ حەوانەوەی قوربانیانی تووندوتیژی خێزانی دروست بکات".
هـ.هـ