٢٠ ژنە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا: داواکانى لەیلا گیوڤەن داواى ئێمەشن

٢٠ ژنە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە ویلایەتە جۆراجۆرەکانى ئەڵمانیا داوایانکرد، داواکەى لەیلا گیوڤەن بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە خێرایى جێبەجێ بکرێت.

٢٠ ژنە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە ویلایەتە جۆراجۆرەکانى ئەڵمانیا داوایانکرد، داواکەى لەیلا گیوڤەن بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە خێرایى جێبەجێ بکرێت. ئەو پەرلەمانتارانە جاڕنامەیەکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە حکومەتى فیدراڵی ئەلمانیا کرد، گوشار بخاتە سەر تورکیا.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى هەدەپە ماوەى ٩٩ رۆژە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مانگرتندایە. لە بەردەوامیى پشتگیرییەکاندا لە ئەڵمانیاوە پشتگیرییەکى گرنگ بۆ لەیلا گیوڤەن و داواکانى بڵاوکرایەوە. ٢٠ ژنە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە ٨ پەرلەمانى ویلایەتە جۆراوجۆرەکانى ئەڵمانیاوە جاڕنامەیەکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لەیلا گیوڤەن تەنیا نییە.

ئەو ٢٠ ژنە پەرلەمانتارە ئەڵمانییە راشیانگەیاند، گیوڤەن لە ٧ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ١٦ی خەزەڵوەرەوە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە چالاکیى مانگرتندایە و دۆخی تەندروستیى گەیشتووەتە ئاستێکى زۆر مەترسیدار.

"دەبێت تورکیا بەپێى پەیماننامەى مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا بجوڵێتەوە"

لە جاڕنامە هاوبەشەکەى ئەو ٢٠ ژنە پەرلەمانتارە ئەڵمانییەدا هاتووە، وەک لەیلا گیوڤەن ژمارەیەکى زۆر لە پەرلەمانتارانى هەدەپە و چالاکوانان بۆ هەمان ئامانج جەستەى خۆیان خستووەتە ژێر مانگرتن و راشیانگەیاند "ئێمەى پەرلەمانتارانى ژن، ناتوانین بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ بین. وەک لەیلا گیوڤەن رایگەیاندووە، ئێمەش دەڵێین؛ دەبێت تورکیا پەیماننامەى مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات، کە واژۆی کردووە و بە خێرایى کۆتایى بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بهێنێت".

ئەو ژنە پەرلەمانتارانە داواشیانکردووە، کێشەی کورد لە تورکیا بە رێگەى ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هاوسەرۆک شارەوانییەکان، پەرلەمانتارانى هەدەپە و سیاسەتمەدارە ئۆپۆزسیۆنە زیندانیکراوەکان بە خێرایى ئازاد بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانیانە پشتیوانییان لە جاڕنامەى ٥٠ براوەى خەڵاتى نۆبڵ کرد، کە چەند رۆژ لەوە پێش بۆ پشتیوانیکردن لەیلا گیوڤەن و کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بڵاویانکردبووە و وتیان "ئێمە داوا لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا دەکەین، گوشارى سیاسی بخاتە سەر تورکیا، کە هاوبەشێکى گرنگییەتى".

جاڕنامەکە بە پێشەنگایەتیى بێریڤان ئایماز پەرلەمانتاری سەوزەکان لە ویلایەتى راین ویستفالیای باکوور (NRW) و جانسو ئۆزدەمیر ئەندامى ئەنجوومەنى ویلایەتى هامبورگ ئامادە کراوە.

چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانى داهاتوودا ژمارەیەکى تر پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا پشتیوانی لەو جاڕنامەیە بکەن.

ئەو پەرلەمانتارە ژنانەى کە جاڕنامەکەیان واژۆ کردووە بریتین لە:

ئانکە شوارتزنبێرگ لە ویلایەتى براندێبنورگ لە حیزبی چەپ، بێریڤان ئایماز لە ویلایەتى راین ویستفالیای باکوور (NRW) لە حیزبی سەوز، جانسو ئۆزدەمیر لە ویلایەتى هامبورگ لە فراکسیۆنى حیزبی چەپ، کریستیانە شنایدەر لە ویلایەتى هامبورگ لە حیزبی چەپ، کلاودیا کۆهلێر لە ویلایەتى باڤاریا لە حیزبی سەوز، کۆرنلیا لودیمان لە ویلایەتى زاکسن – ئانهالت و سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى سەوز، ئێڤا ڤۆن ئانگرین لە ویلایەتى زاکسن – ئانهالت و سەرۆکى فراکسیۆنى حیزبی چەپ، گولسەرەن دەمیرەڵ لە ویلایەتى باڤاریا و جێگری سەرۆکى فراکسیۆنى حیزبی سەوز، هایکە زودمان لە ویلایەتی هامبورگ و لە فراکسیۆنى حیزبی چەپ، جولیانا ناگل لە ویلایەتى ساکسۆنی و لە حیزبی چەپ، کارۆلا شتانگە لە ویلایەتى تورینگن و لە حیزبی چەپ، کاتی ئەنجێل لە ویلایەتى تورینگن و لە حیزبی چەپ، کاتینا شوبێرت لە ویلایەتى بەرلین و لە حیزبی چەپ، کریستین کۆدیتز لە ویلایەتى ساکسۆنی و لە حیزبی چەپ، میریام شترونگە لە ویلایەتى برێمن لە حیزبی چەپ، سابینە بۆیدینگهاوس لە ویلایەتى هامبورگ و هاوسەرۆکى فراکسیۆنى چەپ، سانی کورتز لە ویلایەتى باڤاریا و لە حیزبی سەوز، سۆفیا لیۆنیدئاکس لە ویلایەتى برێمن و لە حیزبی چەپ.

ر.م