ژنانى ئەفغانستان بۆ لەیلا گیوڤەن بانگەوازێکیان ئاراستەى دامەزراوە ئەوروپییەکان کرد

ژنانی چالاکوانانى ئەفغانستان بۆ پشتیوانیکردن لەیلا گیوڤەن، کە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە چالاکیى مانگرتندایە، نامەیەکیان ئاراستەى ئەنجوومەنى ئەوروپا و چەندین رێکخراوى تری ئەوروپى کرد.

سیلی غفار وتەبێژی حیزبی هاوپەشتیى ئەفغانستان و مەلالی جویا پەرلەمانتاری پێشووی ئەفغانستان و چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەى نێونەتەوەیى رەوا لە شاری کابولی پایتەختى ئەفغانستان نامەیەکیان بە ناونیشانی "دەستپێشخەریى نێونەتەوەیى بۆ لەیلا گیوڤەن" بۆ ئەنجوومەنى ئەوروپا، کۆمسیۆنى ئەوروپا، رێکخراوى ئاسایش و هاوکاریى ئەوروپا و رێکخراویى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) نارد.

لە نامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر تێکۆشانی دیموکراسی، ئاشتی و مافی ژنان لەلایەن لەیلا گیوڤەن، کە ماوەى ٨٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە.

چالاکوانانى ئەفغانستان راشیانگەیاندووە، دۆخی تەندروستیى گیوڤەن باش نییە و کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى ناتوانێت خۆی کەڕ بکات و چاو لە ژیان و تەندروستی و داواکانى گیوڤەن و ئامانجەکەى بپۆشێت و داوایان لەو دامەزراوە و رێکخراوانە کردووە، کە بە ئەرکی یاسایى و سیاسی و حقوقیى خۆیان هەستن.

داواش لەو رێکخراوانە کراوە، لە دژی رژێمى ئەردۆغان دەستبەرکار ببن و رەخنەشیان لەو رێکخراوانە گرتووە، کە رێوشوێنیان لە دژی پەرەسەندنی ئۆتوریتە و دەسەڵاتى خۆسەپێنەرانەتى تورکیا نەگرتووەتەبەر.

ژنە چالاکوانەکانى ئەفغانستان راشیانگەیاندووە، لە چالاکیی مانگرتنى لەیلا گیوڤەن و ئامانجی چالاکییەکە تێدەگەن و پێشتیوانیى لێدەکەن، چونکە گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.

داواشیان لە وڵاتانى ئەوروپا و یەکێتیى ئەوروپا کردووە بە خێرایى دەستبەرکار ببن و لەوبارەیەوە نووسیویانە "وڵاتانى ئەوروپا، کە خۆیان بە پشتبەستوو بە مافە سیاسی و کۆڵایەتى و رۆشنبیرییەکان و مافەکانى مرۆڤ دەزانن، پێویستە بۆ ئەوەى رۆڵ و رەنجیان لە هاتنەدیى ئاشتیدا هەبێت، بە خێرایى بۆ مافە سیاسی، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەکان و مافەکانى مرۆڤ هەڵوێستێکى سیاسیى بخەنەڕوو".

لە نامەکەیاندا ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئێستاش نەک تەنها تورکیا پەیوەندییەکى بەهێزى لە رووی سیاسی، دامودەزگایى، سەربازی و ئابوورییەوە لەگەڵ ئەوروپا هەیە، بەڵکو کاریگەرییەکى باشیشی بەسەر ئەوروپاوە بۆ خۆی دروستکردووە، بۆیە پێویستە رێوشوێنى پێویست بەرامبەر بە دەسەڵاتى سەپێنرانەى تورکیا بگرنەبەر و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانیانى سیاسی کۆتایى پێبهێنرێت.

ر.م