ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە یەک دەنگ فاشیزمی دەوڵەتی تورکیان رسوا کرد

بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان واتە (٢٥ی تشرینی دووهەم) لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنان رژانە ناو شەقامەکان. ژنان لەم رۆژەدا فاشیزمی دەوڵەتی تورکیان ئیدانەکرد و پشتیوانییان بۆ بەرخۆدانی ژنانی شۆڕشگێر دووپاتکردەوە.

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنان لە رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان رژنانە ناو شەقامەکان و رێپێوانیان ساز کرد.

دربێسی

بە سەدان ژن لە شاری دربێسی و گوندەکانی دەوروبەری بە دروشمی "داگیرکەری توندوتیژیە، ئێمە بە رۆحی بەرخۆدانی هەڤرینەکان داگیرکەری و فاشیزم تێک دەبەین" رژنانە ناو شەقامەکان و رێپێوانیان ئەنجامدا.

ژنان لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی هەڤرین خەلەف سکرتێری گشتی پارتی سوریای دوارۆژ و وێنەی هەریەک لە شەهیدان شەرڤین ئاماراو دایکی عەقیدە و وێنەی کۆمەڵکوژییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و ئالاکانی یەپەژەیان بەرز کردەوە.

لە لایەکی ترەوە زەینەب موراد بە ناوی کۆنگرەی ستار-ی کانتۆنی حەسەکە وتارێکی پێشکێش کردوو باسی لەوە کرد کە سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، ژنانی کورد دەکەنە ئامانج و وتی:"هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ژنانی کورد لە سەرتاسەری جیهان بە خۆڕاگریی بەرامبەر بە تیرۆرستان دەناسرێنەوە. بۆیە دروشمەکەشیان هەمیشە 'بەرخۆدان ژیانە' دەبێت."

تل براک

ژنانی ناوچەی تل براکیش بە هەمان شێوە گردبوونەوەو دەستیان بە رێپێوان کرد. لە رێپێوانەکەدا دروشمی "ژن، ژیانە، ژیان نەکوژن" و "بە تێکۆشانی ژنان سەرێکانی و گرێ سپی رزگار دەکرێن" و "نا بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەرخۆدان ژیانە" بەرز کرانە.

دواتر نەدا بەهلەوی بە ناوی ئەنجومەنی ناوچەکە و سەباح عوسمان بە ناوی ئەنجومەنی کانتۆنی قامشلۆ و حەنان سلێمان بە ناوی کۆنگرەی ستار گۆتاریان پێشکێش کرد و رایانگەیاند کە لە هەرێمەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ئێستادا داگیر کراون، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی  رۆژانە لە بەرامبەر ژنان توندوتیژی ئەنجام دەدن.

رێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

عین عیسا

بە سەدان هاوڵاتی ناوچەی عین عیسا و کانتۆنی گرێ سپیش بە هەمان شێوە لەم رۆژەدا رێپێنانێکیان ساز کرد.

رێپێوانەکە کە لە سەر رێگای ئەل بەجاوە دەستی پێکرد بەرەو رێگای نێودەوڵەتی (M4) بەڕێ کەوت و بووبە گردبوونەوە و تێایدا وتار پێشکێش کران.

کۆبانێ

لە شاری کۆبانێش بە دروشمی (داگیرکەری، توندوتیژییە، بە رۆحی بەرخۆدانی هەڤرینەکان، داگیرکەری لەناو دەبەین" بە سەدان کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد گرد بوونەوەو دواتر رێپێوانێکیان ساز کرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمی شەرمەزارکردنی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرز کرانەوە.

نەسرا خەلیل ئەندامی بەرێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستار-ی کانتۆنی کۆبانێ وتەیەکی پێشکێش کرد و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان کرد کە ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانیان جێبەجێی بکەن و رێگری لە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بکەن و نەهێلن کۆمەڵکوژی بەسەر ژنان و منداڵاندا بهێنرێت.

نەسرا خەلیل رایگەیاند کە داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکی دڕندە بە کوشتنی هەڤرین خەلەف و دەیان ژنی دیکەی تێکۆشەر، هەوڵەکایی بۆ نەهێشتنی رۆڵی ژنان لە بەشداریکردنیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیدا سەلماند.

شەداد

لە ناوچەی شەدادی سەر بە کانتۆنی حەسەکەش ژنان بەو بۆنەیەوە رژانە ناو شەقامەکان و تۆندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیان ئیدانە کرد.

لە رێپێوانەکەدا ژنانی ناوچەی شەداد بە یەک دەنگ داوایان کرد کۆتای بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بهێنرێت و دروشمی "شەڕ بوەستێنن، نا بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان" وترانەوە.

دواتر لە ناوەندی ناوچەکە گرد بوونەوەو دوای دەقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان، ریحان رۆقۆ ئەندامی کۆنگرەی ستار وتارێکی پێشکێش کردو رایگەیاند، ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەتوانن هەنگاوی گەورە بنێن و وتی:"ژن سەرکێشی هەموو چینەکانی ژیانە".

گرکێ لەگێ

ژنانی ناوچەی گرکێ لەگێش بە هەمان مەبەست لە گۆڕەپانی شەهید خەبات گرد بوونەوەو دواتر رێپێوانێکیان ساز کرد. لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی شەهید هەڤرین خەلەف و دایکی عەقیدە و پانکارتی 'داگیرکەری توندوتیژییە و هەموومان هەڤرینین' و ئاڵاکانی گۆنگرەی ستار بەرز کرانەوە.

هەروها دروشمی دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی وترانەوەو دواتر روویان لە ماڵی دایکی عەقیدە کرد کە لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر کاروانێکی ئۆتۆمبیلی خەڵکی مەدەنی لە شاری سەرێکانی شەهید ببوو.

منبج

هاوڵاتییانی شاری منبجیش بە هەمان شێوە بە دروشمی "داگیرکەری، توندوتیژییە، بە رۆحی خۆڕاگریی هەڤرینەکان، داگیرکەریی و فاشیزم لە ناو دەبەین" بە سەدان هاوڵاتی رژانە ناو شەقامەکان و رێپێوانیان ئەنجامدا.

دواتر وتەیەک لە لایەن ئیبتیسام عبدولقادر بە ناوی ئەنجومەنی ژنانی سوریا خوێنرایەوەو باس لەوە کرا کە بە ناوی ژنانی منبجەوە، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی خوشکانی مراباڵ و روحی هەموو ژنێکی ئازادیخواز کە لە دژی توندوتیژی لە خۆڕاگریدان، لەم رۆژەدا دەنگمان لەگەڵ دەنگی هەموو ژنانی جیهان دەکەین بە یەک و داوا دەکەین توتدوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان بوەستێنرێن.

حەلەب

بەسەدان گەنج و ژن و دایکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب رێپێوانێکیان ئەنجامدا. ژنان لە بەردەم هۆڵی کۆبوونەوەکانی ٨ی ئازار گرد بوونەوە و پانکارتی "رۆڵەکانمان نەکوژن، ژن ژیانە، ژیان نەکوژن، ئامارا شکۆی ئێمەیە، هەڤرین سیمبۆلی یەکێتی گەلانە و نا بۆ توندوتیژی و لە دژی داگەرکەرییەکانی تورکیا، راپەرین بکەن" بەرز کرانەوە.

دێرک

لە شاری دێرکیش بە هەزاران ژن لە گۆڕەپانی ئازادی گرد بوونەوە و وێنەی تێکۆشەران و سیمبۆلانی گەلی کورد و وێنەی ئەو شەڕڤانانەی لە ئەنجامی بەرخۆدانی شکۆدا شەهید بوون، بەرز کرانەوە.

هەروەها دروشمی ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان کە لە لایەن فاشیزمی تورکیا و چەتەکانیەوە ئەنجام دەدرێن، وترانەوەو وێنەی شەهید هەڤرین و چیچەک کۆبانێ و ئامارا رێناسیان بەرز کرانە.

رێپێوانەکە تا گۆڕەپانی ژنی شۆڕشگێر بەردەوام بوو دواتر لەوێ گرد بوونەوەو دوای دەقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدان وتار پێشکێش کران. ئەڤین سوێد وتەبێژی کۆنگرەی ستار-ی ناوچەکە وتەیەکی پێشکێش کردو سوپاسی خۆی ئاڕاستەی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەت ژنانی تێکۆشەری رێگای رزگاربوون لە زیهنییەتی پیاوسالاری، کرد.

تل حەمیس

ژنانی ناوچەی تل حەمیس-ی سەر بە کانتۆنی قامشلۆش بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، رێپێوانێکیان ساز کرد.

بەشداربوویانی رێپێوانەکە پانکارتی "بە رۆحی فیدایی، نەتەوەی دیمۆکراتیک بونیاد دەنرێت، نا بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و داگیرکەری توندوتیژییە، بە بەرخۆدانی هەڤرینەکان داگیرکەری و فاشیزم لە ناو دەبەین" کە بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسرابوونەوە، هەروەها وێنەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و ئاڵاکانی یەپەژە و کۆنگرەی ستار بەرز کرانەوە.

حەسەکە

کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە بە هەمان بۆنەوە، رێپێوانێکی ساز کرد و بە سەدان کەس لە هاوڵاتییانی شارەکە گرد بوونەوە. لە رێپێوانەکەدا پانکارتی "هەڤرین، سیمبۆلی یەکێتی ژنانە، خاک خاکی ئێمەیە، داواکاریی ئێمە دادگاییکردنی ئەردۆغانە و قەسەدە هێزی ئێمەیە" بەرز کرانەو دروشمی پشتیوانی بۆ خۆڕاگریی ژنان و بەرخۆدانی شکۆ وترانەوە.

ز.ش