بانگەوازێک لە تەژەکە-ئەوە: ١٤ی مانگ هەمەووان خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن

تەژەکە- ئە ڕایگەیاند؛ ١٤ی کانوونی یەکەم لە دژی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی چالاکی ئەنجام دەدرێت پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکات و ڕایگەیاند: "ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداریکردنە لە ڕۆژئاوا."

بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ "لە سوریا، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، سوپای نیشتیمانی سوریا لە هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کوردان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات و دژی ناوەندە کەلتووری، بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و تێکۆشانی ئازادی ژنان هێرشی بەربڵاوی دەست پێکردووە."

تەژەکە-ئە، ڕایگەیاند؛ لە ٢٧ی تشرینی دووەم بەدواوە لە شەڕی داگیرکاریدا زۆر پێشێل کاری لە مافەکانی مرۆڤدا کراون و ئەوەشی خستەڕوو، "هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بوارەوە گیانیان لەدەستداوە بە ڕێزدارییەوە بە بیر دێنینەوە و ئەو هێرشە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانە بەنەفرەت و شەرمەزار دەکەین. دەوڵەتی تورکی فاشیست پێشهاتانەکانی سوریا وەک دەرفەتێک بەکار دێنێت و چەتەکانی دژی گەلانی هەرێمەکە خستووتە جموجۆڵەوە و دەیەوێت ناوچە دیموکراتیکەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر و هەڵوەشێنێتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا دەوڵەتی فاشیستی تورک و چەتەکانی، پێکهاتەی دیمۆگرافی بەشێک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان گۆڕیوە و ڕایدەگەیەنێت؛ گەلی کورد بە زۆر لە شوێنەکانی خۆیان دوورخراونەتەوە و گروپی جیاواز لە شوێنیان نیشتەجێ کراون."

'ڕۆژ، ڕۆژی پەرەدان بە تێکۆشانە'

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە ئامانج دەگرن. بەرخۆدانی ژنان لە مێژووی ئازادی گەلاندا شکۆمەندانەترین بەرخۆدانە. تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان لە ڕۆژئاوا بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و جیهانێکی یەکسان وەک نموونەیەک دەبینرێت. بۆیە تێکۆشانی ئازادی ژنان هیوایەکی زۆر گرنگە بۆ داهاتووی هەموو گەلان. ئەمڕۆژ، ڕۆژی خاوەندارییە لە تێکۆشانی ئازادیی. ژنان بەردەوام لە دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدانی بەڕێوە دەبەن و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە وەکە تەژەکە-ئە، لە ١٤ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی چالاکییەکانی پاراستنی شۆڕشی ژنان پێناسە دەکەین. سەرەتا ژنانی کورد، بانگەوازی لە هەموو ژنان، ڕای گشتی دیموکراتیک و هەرکەسانێک کە لایەنگری مرۆڤایەتین دەکەین، بە چالاکییەکانیان لە ١٤ی کانوونی یەکەم خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن. ئەمڕۆژ، ڕۆژی بەرفراوانکردنی تێکۆشانە."