بانگەوازی مەجلیسی ژنان: دەبيت گەل لە دەوری قەسەدە کۆببێتەوە

مەجلیسی ژنانی سووریا دەڵێت “شەڕی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان لە دژی گەلی سووریا شەرمەزار دەکەین و لەو کارەش دەوڵەتی تورک بەر پرسیارە”. مەجلیسەکە بانگەوازی لە گەلی هەرێمەکە کرد کە لە دەوری قەدەسە کۆببنەوە.

مەجلیسی ژنانی سوریا

مەجلیسی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشی چەتەکان و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر هەرێمەکە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک سودیان لە کۆنترۆڵکردنی چەتەکانی هەیئەی تەحریر ئەل شام لە حەلەب و پێشڕەوییەکانی بەرەو حەما و کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی شام وەرگرتووە و هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمەکانی شەهبا و تەل ڕەفعەت، گەلی عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئاوارەی ئەوێ بووە، گەمارۆداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوەکە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە حەلەب و شەهبا ڕوودەدەن کارەسات و ترس لە قڕکردنی گەلی کورد دەخاتە بیری مرۆڤەوە.
هەروەها ئەوەشیان وت: "ئێستا ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیین کە هەبوونیان دەکاتە ئامانج، یان لەناودەچن  یان بە زۆر لەلایەن چەتەکانەوە ئاوارە دەکرێن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکان لەسەر گەلی سووریا شەرمەزارکران و بەمجۆرە بەردەوامبوون: "ئێمە شەڕی ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە دژی گەلی سووریا شەرمەزار دەکەین و دەوڵەتی تورک بە بەرپرسیاری ئەوە دەزانین، لەبەر ئەوەی کە لە دەستپێکی دروستبوونی ئاڵۆزییەکانەوە دەستێوەردان لە سووریا دەکات. حکومەتی سووریاش بەرپرسیارە لە جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی و جێهێشتنی خەڵکی مەدەنی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا. لە هەمان کاتدا بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان شەرمەزار دەکەین، داوایان لێ دەکەین کە فشار لە دەوڵەتی تورک بکەن و ناچاری بکەن پڕۆژە دوژمنکارەکانی ڕابگرێت و ڕێز لە سەروەری سوریا بگرێت و بگەڕێتەوە بۆ سنووری سروشتی خۆی".
 لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کراوە کە هەوڵدەدات بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی هەرێمەکە و بانگەواز لە گەلی هەرێمەکە کرا لەدەوری قەسەدە کۆببنەوە.