ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی یاسای باری کەسی عێراق، سیمینارێکیان ئەنجامدا بە ناو نیشانی"هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسی لە عێڕاق و لێکەوتەکانی لە هەرێمی کوردستان"
دوێنێ لە مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان و ژووری یاسایی بزوتنەوەکە، سەبارەت کاریگەریەکانی هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق و بەتایبەتی لە سەر هەرێمی کوردستان. سیمنارێک بۆ هەریەکە لە پارێزەران شۆخان حەمە ئەمین و شاڵاو ئەبوبەکر ڕێکخرا.
لە سیمینارەکەدا سەرەتا شۆخان حەمە ئەمین نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: پڕۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی پەیوەندی بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە، هەموو ئەو پرۆسانەی کە لە ناو خێزانە هەیە هەر لە ئەنجامدانی هاوسەرگیریەوە هەتاکو جیابوونەوە یاخود مردن دروست کردنی منداڵ دیاری کردنی نەسەب هەمووی پەیوەستە بە یاساکەوە."
'یاساکە بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی دادگایە'
لە بەردەامیدا شۆخان حەمە باسی هۆکارەکانی پشت هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسایەکە کرد و وتی: " ئەم هەموارە دەگەرێتەوە بۆ بابەتی مەزهەبە جیاوازەکان، لەبەرئەوەی مەزهەب بریار لەسەر پرۆسەی هاوسەر گیری دەدات، دادگا دەبێت تەسدیقی بکات، ئەمەش ڕۆڵی دادگا لاواز دەکات و دەیگرێنێتەوە بۆ مەزهەبە جیاوازەکان."
هەروەها باسی لە هەڵوەشاندەوەی بڕگەی پێنج کرد لە مادەی ١٠ لە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم مادەیە کاری پێبکرێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "ئەم مادەیە باس لەوە دەکات ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی یاسا هاوسەر گیری بکات ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە لە کاتی هەمواری یاسای باری کەسی ئەم مادەیەش هەڵدەوەشێتەوە، واتە هەموو کەس ئازاد دەبێت و دەتوانێت لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری بکات، یان ئەگەر لە کاتی دیاری کردنی مەزهەب ژن و پیاو خیلافیان هەبێت ئەگەر ژنەکە مەزهەبێکی دیاری کراوی نەبێت مەزهەبی پیاوەکە دەبێت بە سەر ژنەکەدا دەسەپێدرێت ئەمەش خاوەندارێتی لە ژن دەسەپێنێت."
دواتر لە سیمینارەکەدا پارێزەر شاڵاو حەمە ئەمین قسەیکرد و ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر یاسایەکە دەربڕی و وتی: " بە هەموارکردەوەی ئەم یاسایە سەرلێشێواوی بۆ کۆمەڵگەی کوردی دروست دەبێت بەو بڕیارە ژنانی عێراق ١٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە دواوە، لە ڕووی دەرونی و جەستەیەوە دوای منداڵ بوونیش کاریگەری خراپ لەسەر ژنان دادەنێت چونکە ئامادە نییە ببێت بە دایک."
'یاساکە هاندانە بۆ فرەژنی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان'
لە بەردەوامیدا ئاماژەی بەوەشدا: "هەموارکردنی یاساکە بەو شێوازە دەستدرێژییە بۆ سەر تاکی کۆمەڵگا، منداڵی تەمەن ٩ ساڵ، کاتێک ناتوانێت هاوسەرگیری بکات و بە پێی مەزهەب ڕێگای پێدەدرێت. بۆیە ئەمە قبوڵ کراو نیە هەروەها ڕێگا خۆشدەکات بۆ فرە ژنی ئەگەر یاساکە بەو شێوەیە هەموار بکرێتەوە عێراق بەرەو هەڵدێردەبات و توندو تیژی زیاد دەکات و مافی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات."
لە ٤ی ئەم مانگە پەڕلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ هەمواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٩٥کرد، بە پێی وتەی شارەزایان لە هەموارەکەدا مەزهەب گەرایی قوڵدەبێتەوە، وە مافەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکرێت. بەشێوەیەک ژن لە کاتی جیابونەوە لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت. هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیری تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان دەدات.