بەسەدان کەس داوای ئازادکردنی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامدی دەکەن

لە دژی سزای زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامدی بەسەدان کەس نامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و داوایان کرد سزای ئەو دوو رۆژنامەنووسە هەڵبوەشێندرێتەوە.

زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، چالاکوان و ڕۆشنبیر نامەیەکیان ئاراستەی غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کرد.

لە نامەکەدا داوا لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کراوە دەسەڵاتی خۆی بەکار بهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەی دژ بە نیلوفر حامدی و ئیلاهە محەمەدی بڕاوەتەوە.

هەروەها لە نامەکەدا هاتووە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لەو دوو ڕۆژنامەنووسە کردووە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا خۆیان ڕادەستی زیندانی ئێڤین بکەن. جێی ئاماژەیه ئەو دوو ڕۆژنامەنووسه به پێنج ساڵ زیندانی سزا دراون.

لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی ئەوەی قژی بە تەواوی نەداپۆشیبوو لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی حکومەتی ئێرانەوە ئەشکەنجە درا و دواتر ژیانی لەدەستدا.

هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"، یەکەم جار لە لایەن ڕۆژنامەنووسان نیلوفەر حامدی و ئیلاهە محەممەدی بڵاوکرایەوە.