دانیشتنی دۆسیەیی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نەرگس موحەممەدی ئەنجامدرا

دانیشتنی دۆسیەیی دادگایکردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ نەرگس موحەممەدی لە دادگای شۆڕشی تاران ئەنجامدرا. بە هۆکاری ئەوەی چالاکوانی زیندانیکراو بەشداریکردنی لە دادگادا ڕەتکردۆتەوە، دادگایکردنە بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو ئەنجامدرا.

نەرگس موحەممەدی بە هۆکاری تێکۆشان لە دژی سەپاندی حیجابی زۆرملێ و لە سێدارەدان لە ئێراندا، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە خراوەتە زیندانی ئەڤینی تارانەوە.

موستەفا نیلی پارێزەری نەرگس موحەممەدی لە سەر پێگەی میدایی دیجیتاڵی ئێکسی تایبەت بەخۆیدا ڕایگەیاندا: "دادگایکردنی نەرگس موحەمەدی ئەمڕۆ لە لقی ٢٩ی دادگای شۆڕش لە تاران بەبێ ئامادەبوونی نەرگس موحەمەدی ئەنجامدرا.

نیلی ڕونیکردەوە، جارێکی تر نەرگس موحەممەدی “تۆمەتبار کراوە بە پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” بەهۆی “سەرنجەکانی سەبارەت بە دینا قالیباف و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان” کە لە مانگی ئاداردا ئەنجامدرا.

ئەو چالاکوانە لە مانگی ئادار و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا پەیامێکی دەنگی لە زیندانەوە بڵاوکردەوە و تیایدا “شەڕی بەرفراوان و تایبەتی دژی ژنان” لەلایەن ئێرانەوە سه‌ركۆنه‌ کرد.

نەرگس سافیە موحەممەدی لە ٢١ی نیسانی ١٩٧٢دا لە شاری زنجانی ئێران لە دایکبووە. لە زانکۆی ئیمام خومەینی نێونەتەوەی بەشی فیزیایی ئەتۆمی خوێندووە و  لە تەمەنی ٣٢ ساڵییەوە چالاکوانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووس بووە. هەروەها نەرگس موحەممەدی یەکەم ژنی ئێرانی و موسڵمانە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە. نەرگس محمدی جێگری سەرۆکی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە.

نەرگس موحەمەدی کە ١٣ جار دەستگیرکراوە و بە گشتی سزای ٣١ ساڵ زیندانیکردن و پێنج جار ١٥٤ قامچی لێدانی بەسەردا سەپێنراوە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە زینداندایە. نەرگس موحەممەدی بووە بە یەکێک لە ڕوخسارە دیارەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.