عەداڵەت کایا: داواکاری ژنان بۆ کاندیدبوون پەیامێکە

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد، عەداڵەت کایا، ڕایگەیاند، داواکاری ژنان بۆ کاندیدبوون پەیامێکی گرنگە بۆ ئەو سیستمەی هاوسەرۆکایەتی ژنان و دەستکەوتەکانی دەکاتە ئامانج.

پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان عەداڵەت کایا باسی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و سیاسەتەکانی قەیوم کرد. کایا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت بەهۆی دەستکەوتەکانی ژنانەوە، هاوسەرۆکایەتی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت، هەروەها هەوڵدەدات هاوسەرۆکایەتی بە تاوان بزانێت و وتی:"بە دژایەتی ئایدیۆلۆژی هێرش دەکەنە سەر هەموو شتە باشەکان. تێکۆشانی ژنان، بەڕێوەبردنی ژنان و نوێنەرایەتی یەکسان لەسەر خویان بە مەترسییەکی جددی دەبینن".

کایا هێنایە زمان کە دانانی قەیومەکان دژی دیموکراسی و پێشێل کردنی یاساکانی نێوخۆیی تورکیایە و وتی:"بیرکردنەوەیەک کە ئیرادەی گەل لەبەر چاو ناگرێت، هەڵوەشاندنەوەی شارەوانییەکان بە ئامانج دەگرێت، ئەمەش لە رێگەی دانانی قەیومەوە، کاتێک ئەم شێوازەیان بەکار هێنا، هێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی ژنان و خەباتی ژنان بەتایبەتی، گرنگترینیان سیستەمی هاوسەرۆکایەتییە.

'ئەو شتانەی کە نەتوانرا بەدەستی بهێنن دەستیان بەسەردا گرت'

کایا سەرنجی بۆ ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک ڕاکێشا وەک تاکڕەو و ڕەگەزپەرست پێناسەی کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" ناردنی قەیومەکان درێژەپێدەری هەمان عەقڵیەتە. ئەوان نایانەوێت ژنان لە هیچ بوارێکدا خاوەن هێز بن و نوێنەرایەتی یەکسانی بکەن لە شارەوانیەکاندا. شارەوانییەکان لە شارە کوردییەکان کاری باشیان دەکرد و لە جیهاندا بوونە نمونەیەک، بۆیە ئەمەیان پێ قبووڵ نەبوو. نە تەنیا دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی ئێمەدا گرت، بەڵکو دەستیان بەسەر ئەو شتانەدا گرت کە بە ویستی خۆیان نەیاندەتوانی بەدەستی بهێنن. بەمشێوە دزی و گەندەڵییان هێنایە نێو شارەوانییەکان.

'هاوسەرۆکی بە هەڕەشە دادەنێن'

کایا وەبیری هێنایەوە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بە تێکۆشانی ژنانی کوردەوە دروست بووە و بە فەرمی کراوە. ئێستا هەموو لایەنێک دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بەکاربهێنێت. ئەو سیستەمە لە شارەوانییەکانیشدا جێبەجێ کرا. بەبێ ئەوەی ژنان لە بوارێکدا سنووردار بمێنن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەتوانن بەشداری کارا بکەن. بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان ئەوە سێ ساڵە بە پێی ئەو مۆدێلە لە شارەوانییەکان کاری پێدەکرێن، ئەگەرچی هێشتا لە بواری یاساییەوە شوێنی خۆی نەگرتووە. زۆرێک لە هاوسەرۆکانی ژنمان لە زینداندان و زۆربەیان دوای ماوەیەکی زۆر لە زیندان ئازاد کران، گوڵتان کیشاناک کەسایەتییەکی سیاسی زۆر گرنگە لەم بوارەدا، تەنانەت دوای تەواوبوونی حوکمەکەی دیسان دەستبەسەر دەکرێت. ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکۆشانی ژنانی کورد و سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا هەبووە، ئەمڕۆ بەدەیان هەڤاڵی (تەژەئا) و هاوسەرۆکی ژنمان لە زیندانەکاندان و لێپرسینەوەیان لێدەکرێت، ئەمە هێرش کردنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان. تێکۆشانی ژنان، بەڕێوەبردنی ژنان، نوێنەرایەتی یەکسان بە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر خۆیان دەزانن و هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارێکدا سنووردارمان بکەن".

'هەڵبژاردنی ئێستا ڕێکخراوێکی بەهێز دروست دەکات'

کایا ئاشکرای کرد، کە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ڕەخنەی زۆر لە ستراتیجی پارتەکامان گیرا و وتی:"بەڕێوەبەری پارتیمان هەموو ئەو ڕەخنەیانەی لەبەرچاو گرتووە و بە رەخنەدانەوە دەچینە ناو هەڵبژاردنە خۆجێییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش کۆڕ و کۆبونەوەکان لە گەڵ گەل بە هێزەوە ئەنجام دەدرێت. لە ڕێکخستنە مەدەنییەکان تا دەگاتە کاسبکاران، لە شارە بچووکەکان هەتا شارە گەورەکان لە هەموو شوێنێک دەنگ دەدەن. ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردنیش دەتوانێت بە بەهێزی خۆی ئەنجام و دەستکەوتی ئەرێنی وەربگرین، گەل دەیانەوێت لەدەست قەیوەمەکان ڕزگاریان بێت، شارەوانییەکانی پێشوویان بەدەست بهێننەوە، وەرن با مکانیزمێک کە ئەو هێزە دەداتە ژنان و ژنان لەدەستی توندوتێژی دەپارێزێت پێک بێنین، بەو بۆنەوە دەمانەوێت هەمووان بەوپەڕی هێزەوە بەشداری ئەم قۆناغە بن".