دایکی نیکا شاکەرەمی دەستگیرکرا

نەسرین شاکەرەمی دایکی نیکا شاکەرەمی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیرکرا.

ئایدا شاکەرەمی خوشکی نیکا شاکەرەمی رایگەیاند، دایکی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە لە تاران دەستبەسەرکراوە و تائێستا نازانن هۆکاری دەستگیرکردنی دایکیان چییە.

نەسرین شاکەرەمی پێشتر رایگەیاندبوو  کە بە پێی بەڵگەنامە و راپۆرتە پزیشکییەکان کچەکەی بە هۆی پێداکێشان و لێدان لە سەری گیانی لەدەستداوە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کەناڵی بی بی سی بەڵگەنامەیەکی نهێنی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاشکرا کراوە کە نیکا شاکەرەمی دوای ئەوەی لەمیانی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە ناو ئەو ئۆتۆمبێلەی دەستبەسەرکرابوو، رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بووەتەوە و هەر لەو ئۆتۆمبێلەدا بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە.

لەماوەکانی رابردوودا گوشارەکان بۆ سەر کەسوکار و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی چڕ کراوەتەوە و چەندین کەسیان دەستگیرکراون و سزای زیندان بەسەر بەشێکیاندا سەپێندراوە.