"دەبێت رێگریی بکرێت لە ئاساییکردنەوە کردەوە نامرۆڤانەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان"

ڕیکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی دۆخی ژنانی ئەفغانستان داوای کاردانەوەی بەپەلەی جیهانیی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی ژنانی ئەو وڵاتە و رایدەگەیەنێت: "دەبێت ڕێگریی بکرێت لە ئاسایی کردنەوەی کردەوە نایاسایی و نا مرۆڤانەکانی تاڵیبان".

ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنانی ئەفغانستان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسی لە کاریگەرییە مەترسییدارەکانی مامەڵەی دەسەڵاتی تاڵیبان کردووە بەرامبەر ژنانی ئەو وڵاتە، کە سەرەکیترینیان بێبەشکردن و دوورخستنەوەی کچان و ژنانە لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان.

ڕاپۆرتەکەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە (لەکاتی دەسەڵاتی تاڵیبان)، یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کچ لە خوێندن بێ بەشکراون، ١٠٠ هەزار ژنی گەنج لە زانکۆکاندا دوورخراونەتەوە، کە ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسی گیانلەدەستدانی ژنان و بەتایبەتیی دایکانی دووگیان بەهۆی بەردەستنەبوونی چاودێری تەندرووستیی پێویست.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ١٨٪ـی ژنانی ئەو وڵاتە باسیان لەوەکردووە لەماوەی سێ مانگدا بەرکەوتنیان لەگەڵ هیچ ژنێکی دیکەی دەرەوەی خێزانەکەیان نەبووە، واتە بەتەواویی پەیوەندیی ژنان سنووردار کراوە، کە ئەوەش سەری کێشاوە بۆ درووستبوونی نائومێدیی و خەمۆکیی بەوشێوەیەش ٨٪ـی ژنانی ئەفغانستان ژنێک دەناسن کە هەوڵی خۆکوشتنی دابێت لە پاش گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە.

هەربۆیە ڕیکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانگەوازیی لە تەواوی جیهان و دامەزراوەکانی بواری مافی مرۆڤ دەکات ڕێگریی بکەن لە ئاسایی کردنەوەی زەوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە و هەڵوێستی کاریگەر و بەپەلەیان هەبێت.

هـ . ب