دەسپێشخەریی ١٠٠٠ ژن بۆ زیندانییە نەخۆشەکان، داوای ئازادکردنی زیندانیکراوانی سیاسی دەکات

دەسپێشخەریی ١٠٠٠ ژن بۆ زیندانیکراوە نەخۆشەکان، سەبارەت بە ژنە زیندانیکراوە نەخۆشەکان نامەیەکی کراوە بۆ سیاسەتمەدارەکان دەنوسێت و دەڵێت: «پێویستە ئازادکردنی زیندانیکراوە نەخۆشەکان بکرێتە ڕۆژەڤ».

دەسپێشخەریی ١٠٠٠ ژن بۆ زیندانیکراوە نەخۆشەکان، پێش چەند ڕۆژێک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٣ و خولی بیست و هەشتەمین، نامەیەکی کراوەی بۆ سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکان دەنوسێت. ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، دەبێت ئازادکردنی زیندانیکراوە نەخۆشەکان ببێتە بەشێک لە کارنامەی هەڵبژاردن و کاربکرێت بۆ ڕیفۆرمی دادگاکان. ژنان داوایان لە هەموو سیاسییەکان کرد مافی ژیان بپارێزن، ڕێکارە پێویستەکان بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ژیانی زیندانیکراوە نەخۆشەکان.

«نزیکەی ١٥١٧ زیندانیکراوی نەخۆش هەن، نزیکەی ٦٥١ زیندانیکراو گیرۆدەی نەخۆشییەکی ترسناکن»

لە نامەکەدا هاتووە: «ئێمە ژنان، تێدەکۆشین بۆ مافی تەندروستی و ژیانی ژنە زیندانیکراوە نەخۆشەکان. سەدان زیندایکراو لە زیندانەکانی تورکیا هەن، زۆربەیان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن. بەگوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی ناوەندیی زیندانەکانی سەر بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، تا نیسانی ٢٠٢٣، زیاتر لە ١٥١٧ زیندانیکراوی نەخۆش هەبوون و ٦٥١ لەوان دۆخیان ترسناکە، لە ساڵی ٢٠٢١ ئازادکردنی ٧ کەسیان دواخرا، زیاتر لە ٥٩ زیندانیکراوی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢، هەڵمەتی ١٠٠٠ ژنمان لەپێناو ئایزل توگلوک دەستپێکرد، ئەوکاتە دۆخی تەندروستی ئەم زیندانیکراوە سیاسییە تا دەهات ڕووی لە خراپتر دەکرد. هەروەها ئێمە لە کەسێتی ئایزل توگلوکەوە، لەپێناو پاراستنی مافی سەدان زیندانیکراوی نەخۆش کۆدەبینەوە، زۆربەیان بەدەست نەخۆشیی ترسناکەوە دەناڵێنن، دەخوازین لەنێو ماڵ و خێزانەکانی خۆیان چارەسەری پێویست وەربگرن. چیتر بە هەوڵی ژنانی تێکۆشەری تورکیا و پشتیوانیان لە سەرتاپای جیهان، ئایزل توگلوک لە زیندان نەماوەتەوە. بەڵام قسەکانی سەرەتای هەڵمەتەکەمان هێشتاش دەخواتەوە، ناهێڵین زیندانیکراوە نەخۆشەکان بە بەرچاومانەوە بمرن!

هەمووان مافی ژیانیان هەیە، پاراستنی ئەم مافە بۆ گشتمان گرنگە. ئەگەر مافی ژیان لە زیندانەکان لەژێر مەترسیدا بێت، لەپاڵ بەزاندنی سنوورەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئیتر ژیانی ئازاد و دیموکراتی لەدەرەوەی زیندانەکانیش پارێزراو نابێت.

دەوڵەت بەرپرسیارە لە پاراستنی ژیانی تەندروست بۆ هەموو زیندانیکراوە نەخۆشەکان. لێرەدا، ناکرێت بەهۆی جیاوازیی ئایدۆلۆژییەوە، بە دوو پێوەر مامەڵە بکەین. داوا دەکەین دەستەبەجێ زیندانیکراوە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن. مافی چارەسەریان پێ بدرێت لەژێر چاودێری خێزانەکانیان لە هەلومەرجێکی تەندروستدا، بەبێ بەزاندنی شکۆی مرۆڤ. بەبڕوای ئێمە ئەمە بەشێکە هیواکانمان بۆ ئایندەیەکی دیموکراتیک، بۆیە پێداگریی دەکەین لەپێناو ئازادکردنی ژنە زیندانیکراوە نەخۆشەکان.