فیستیڤاڵی ژنی زیلان لەلایەن ژنانی کوردی ئەوروپا و ئەڵمانیاوە ڕێکدەخرێت، لە شاری دویسبۆرگ بە بەشداری هەزاران کەس بەردەوامە.
چالاکییەکە لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردی ئەوروپاوە بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژن" ڕێکخرا و کرایە دیاری ئەو ژنە پێشەنگانەی لە مانگی حوزەیران لەنێو ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان شەهیدبوون.
هەزاران کەس بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداربوون، سەکۆی فیستیڤاڵەکە بە وێنەی کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە ڕازێنرایەوە، درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.
پاش گوتنی سروودی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆرۆی مناڵانی ڕۆژ و خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، بەرنامەی فیستیڤاڵەکە بەردەوام بوو.
وتەبێژی یەژەکە-ئە: ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین
وتەبێژی یەژەکە-ئە کەزبان دۆغان ڕایگەیاند ئەمە تەنها فیستیڤاڵێکی چاندی و سیاسی نییە، هاوکات بەشێکە لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
تێکۆشانی ژنان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد لە جیهان مەزنتر دەبێت، ڕەنگی خۆی لە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەردەگرێت و ژیانێکی نوێ بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بنیات دەنێن.
پاشان فیستیڤاڵەکە بە مۆسیقا و کۆنسێرت بەردەوام بوو، هاوکات گرووپێکی سەمای ئەفغانی چوونە سەر شانۆ.
چالاکوانی بەلوچی، سافیز مەنزوور ڕایگەیاند ئەو تێکۆشانەی بە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادی کورد بەڕێوەدەبرێت، بۆ چەندین گەل سەرچاوەی هیوا و ئیلهامە.