کۆنفرانسی ژنانی عێراق کۆتایی هات
سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق کە بە پێشەنگایەتی تاژێ و وفاقی ژنانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و بە پەیامی دژ بە کۆمەڵکوژی ژنان خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن، کۆتایی هات.
سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق کە بە پێشەنگایەتی تاژێ و وفاقی ژنانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و بە پەیامی دژ بە کۆمەڵکوژی ژنان خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن، کۆتایی هات.
سێهەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق، کە لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) و وفاقی ژنانی عێراقەوە بەڕێوەچوو، بە دروشمی " بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی کۆمەڵکوژی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن"، لە پایتەختی عێراق، بەغداد، بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کۆتایی هات.
دەرئەنجامی کۆنفرانسەکە لەلایەن وتەبێژی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سوهام شەنگاڵییەوە خوێندرایەوە، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە وەهایە:
"هەزاران ساڵە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە لەسەر هەموو، کولتوورەکان، بیروباوەڕییە ئایینی و پێکهاتە و نەتەوەکان، ئێزدی، کورد فەیلی، کاکەیی، عەرەب و مەسیحی کۆمەڵکوژیی( فەرمان) ئەنجامدراوە."
ئێمە وەک ژنان و کۆمەڵگای ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی فەرمانێکی تاریک پەرەستانە و زۆر ئازاربەخش و مەترسیدار بووینەوە. ١٠ساڵ بەسەر ٧٤ئەمین فەرماندا تێپەڕیوە. ٧٤ئەمین فەرمان لە ٣ی مانگی ٨ی ٢٠١٤ لە کەسایەتی ژنانی ئێزدیی دا لەدژی هەموو گەلان، دژی کولتوور، باوەڕ و کەمینەکانی نیشتەجێی لە عێراق دا ئەنجامدرا. هەروەها لە دژی ویژدانی مرۆڤایەتی و بەها مێژووییە هەزاران ساڵەکان ئەنجامدرا.
ئێمە قوربانیانی ٧٤ ئەمین فەرمان بە کەرامەت و ڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. لە کەسایەتی شەهیدانی ٧٤ئەمین فەرماندا، هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو پاراستنی هەبوون، کولتوور و باوەڕی گەلی ئێزدی لە دژی دڕندەکانی داعش وەستانەوە و بەرخۆدانیان کرد، بەبیر دێنینەوە. ئێمە ئەم سێهەمین کۆنفرانسە لە ١٠هەمین ساڵوەگەڕی فەرمان بە سەر گەلەکەماندا بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی کۆمەڵکوژی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" دیاری شەهیدانی ٧٤ فەرمانەکە دەکەین و هەروەها پێشکەشی هەموو مرۆڤایەتی و ئەو ژنانەی لە کۆتایی تێکۆشانی ئازادیدا خۆڕاگریان کرد، دەکەین.
ئێمە هاوبەشین لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو ژنانەی کە لە فەرمانەکەدا بە دیلی کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش و لە بازاڕەکاندا فرۆشران و بوون بە پەنابەر و بە هاوارەکەیان ویژدانی مرۆڤایەتییان هەژاند. ئێمە قەد دەنگی ئەو ژنانەی کە دژی تاریکی وەستانەوە دەنگیان هەڵبڕی لەبیر ناکەین.
تا دەوڵەت نەتەوە هەبێت، مەترسی کوشتن بەردەوام دەبێت
ئێمە وەک کۆمەڵگا بە تایبەت وەک ژنان بە گشتی لە ڕۆژی فەرمانەکە تا ئێستا بە پرۆسەیەکی زۆر قورس و سەختدا تێپەڕ دەبین. تا ئێستا برینەکانی ئەو فەرمانە ساڕێژ نەکراون، سەدان جار لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرش کراوەتە سەر شەنگاڵ. سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە دژی کۆمەڵگاکەمان، گەنجان و بەتایبەت دژی ژنانی ئێزدی بەردەوامە. ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزدی ئەم سیاسەتی نکۆڵی کردنی لە ئیرادەمانە ناو ناوە 'فەرمانی سپی'. ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال و بۆ سەر هەموو عێراق شەرمەزار دەکەین.
سیاسەتی شەڕی کۆمەڵکوژی، بە پێکهێنانی هێزی میلیتاریستی و قووڵبوونەوەی عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی، دینی و نەتەوەپەرەستی، بە هەموو دژواریەوە لە دژی ژنانی ئازادیخواز و گەل بەردەوامە. داعش بەرهەمی عەقڵیەتی نەتەوە دەوڵەتە، دوژمنی گەلە، بەتایبەتی دوژمنی ژنانە. تا دەوڵەت نەتەوە حوکمڕانی بەسەر ئیرادەی گەلدا بکات، هێزەکانی وەک داعش و هەڕەشەی کۆمەڵکوژیی بەردەوام دەبن. هەروەها له نێو وڵاتان سەرەتا دەوڵەتی تورک پاڵپشتی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەوە نەکراوه. ئەمەش هۆکارە بۆ کۆمەڵکوژیی و داگیرکردنی عێراق. فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی لەلایەن ١٣ وڵاتەوە ناسێندراوە. ئێمە ئەمە زۆر بە گرنگ دەزانین.
وەک ژنانی هەموو پێکهاتەکان، دین، باوەڕ و ئەو نەتەوانەی لەسەر خاکی عێراق دەژین، دۆخی گشتی ژنان لە عێراق چۆنە، ئەو یاسایانەی کە سەبارەت بە ژنان دانراون، کاریگەرییەکانی عەقڵیەتی پیاوسالاری، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە لە ژیانی ژناندا تا چ ئاستێک کاریگەری داناوە، ئەنجامەکان ڕوون کرانەوە. ژنان نەخاوەنی خۆیانن، نە شوناس و ئیرادەی ئازادیی. بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی، ئەشکەنجە ودەستدرێژی دەبنەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا پێویست بە تێکۆشانێکی هاوبەشی هەموو ژنانی عێراق هەیە.
هەتاکوو ئێمە وەک ژن، وەک گەلانی بێ پاراستن، نەبینە خاوەن تێگەیشتنی خۆپاراستن، هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و فەرمان و هێرشەکانی دەوڵەت نەتەوە و عەقڵیەتی پیاوسالار لەسەرمان بەردەوام دەبێت. بۆیە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی کۆمەڵگادا مافی خۆپاراستن، خۆ بەڕێکخستنەوەی هەموو کۆمەڵگا بندەستەکان، تا کۆتایی مافێکی ڕەوای ئێمەیە.
'نەتەوەی دیموکراتیک و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی تاکە ڕێگای چارەسەرە'
وەک ژنان و کۆمەڵگا بە گشتی ڕووبەڕووی کێشەی زۆر جددی بووینەتەوە. سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو ڕوویەکەوە لە قەیرانێکی جددیدایە. بەڵام بۆ ئەوەی خۆی لەم گێژاوە ڕزگار بکات، بەردەوامە له هەموو جۆرە ڕێبازێکی کۆمەڵکوژیی، شه ڕ و کوشتن دژ بە ئیرادەی گەلان و دژ به تێکۆشانی ژنان. ئێمە چارەسەری هەموو کێشەکانی مرۆڤایەتی لە جێبەجێکردنی پارادایمی نەتەوەیی دیمۆکراتیک و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی دەبینینەوە. نەتەوەی دیموکراتیک تاکە ڕێگایە بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو کێشانەی کە گەلانی عێراق لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەوە تێیدا دەژین، بۆ پەرەپێدانی ژیانێکی یەکسان و ئازاد و دیموکراتیک. تا دان بە ئیرادەی گەلاندا نەنرێت، کۆتایی بە کۆمەڵکوژیی ژنان ناهێنرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی تر دوبارەی دەکەینەوە تاکوو لە دژی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای هاوبەشی و یەکگرتنی ژنان و گەلان پێشکەوتن دروست نەبێت، هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بەردەوامی دەبێت. لەسەر بنەمای پەرەدان بە هێزی تێکۆشانمان، پتەوکردنی ڕێکخستن و تۆڵەسەندنەوەی فەرمانەکان، جارێکی دیکە لە کۆنفرانسەکەدا پێداگری لەسەر ئیرادەی تێکۆشان دەکەین. ئێمە بە ڕێکخستن و تیکۆشانی هاوبەشمان ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان و کۆمەلکوژییەک دەکەین.
بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە وەهایە:
*فەرمان لەسەر کۆمەڵگای ئێزیدی لەسەر خاک و هاووڵاتیانی عێراق جێبەجێ کراوە. بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە بە فەرمی فەرمانی٣/٨/٢٠١٤ دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە کۆمەڵکوژی بناسێت.
* هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو وڵاتانە دەکەین کە بە فەرمی فەرمانی سەر ئێزدییەکانیان بە کۆمەڵکوژی ناساندووە، لێپێچینەوە لە چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان کە بەرپرسیارن لە فەرمانەکە بکەن و ئەرکەکانیان بە جێ بهێنن. لە دادگای نێودەوڵەتیدا دادگایی بکرێن.
*لە فەرمانی٣/٨/٢٠١٤ دا ٣ هەزار و ٥٠٤ ژن و٨٦٩ پیاو و ژمارەیەکی زۆر منداڵ، بە گشتی نزیکەی ٧٠٠٠ ئێزیدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل گیران. تا ئێستاش بەهەزاران کچ و ژن و منداڵ و مرۆڤی ئێزیدی لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە. بەمەبەستی ڕزگارکردنی دیلەکان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی ژنان و کۆمەڵگای عێراق دەکەین، دەست بە هەوڵ و تێکۆشان بکەن.
*لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک سەدان جار بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی شەنگاڵی کردووە و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک درێژەی فەرمانی ٢٠١٤ یە. داوا لە حکومەتی عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەپەلە ئاسمانی شەنگال بەڕووی دەوڵەتی تورکیادا دابخەن.
* مرۆڤەکان لەسەر خاک و ماڵی خۆیان دەتوانن کولتوور، خۆیان و خاکەکەیان بپارێزن. بەهەزاران ئێزدی ناچار بوون کۆچ بکەن و تا ئێستاش لە کەمپەکاندا دەژین. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بگەڕێنەوە بۆ شەنگاڵ و نابێت هیچ هێزێک ڕێگری لە گەڕانەوەیان بکات.
*داوا لە ژنان و کۆمەڵگا و هەموو لایەنگرانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەین پشتیوانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگاڵ بکەن. هەروەها داوا له حکوومەتی عێراق دەکەین بەپێی دەستووری عێراق، بەفەرمی دان بە ئیدارەی خۆسەری شەنگاڵدا بنێ.
* پێویستە ژنان بە هێزەوە بەشداری لە چالاکی سیاسی، ئیداری و کۆمەڵایەتی بکەن. پێویستە مافی ژنان بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو وڵاتان مسۆگەر بکرێت، شوێنی کار زیاتر بکرێتەوە، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تووشی ئازار و توندوتیژی نەبن. ئێمە بە گرنگی دەزانین یاساکان نۆژەن بکرێنەوە و یاسای پاراستنی مافەکانی ژنان بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
*بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان بەتایبەتی توندوتیژی بنەماڵەیی، هاوسەرگیری پێشوەختە و لەبواری تەندروستی و هۆشیارییەوە پێویست بە پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی هەیە.
*ژنانی ئێزدی مافی پاراستنی ناسنامە، کولتوور و باوەری خۆیان هەیە و ئەمەش دەبێت پارێزراو بێت و ڕێزی لێ بگیرێت. هەروەها ئەو ژنە ئێزیدیانەی لە دەستی داعش ڕزگارکراون، زیاتر پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی و تەندروستی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگاکەیان و دەست بە ژیان بکەنەوە.
*بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە ڕووی داراییەوە ژیانیان باشتر بەڕێوەببەن، ئەمڕۆ پێویست بە پەرەدانی هەلی کار و ئابووری هەیە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر فەرمانی ٣ی ٨ی ٢٠١٤ شەرمەزار دەکەین و داوا لە ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی عێراق دەکەین وەرن پێکەوە لە سەر کۆمەڵکوژی ژنانی شەنگاڵ دەست بە لێپرسینەوە بکەن. با تێکۆشانی هاوبەشمان بەرفراوان و بەهێزتر بکەین و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان ببینە دەنگی خۆپاراستن."