"کەرەڤانەی گەڕانەوە بۆ جڤاک" بە پێشەنگایەتی فێمێنیستەکانی ئابیا یالا

شاندێک لە فێمینیستەکانی ئابیا یالا بە درووشمی "لە ئابیا یالاوە تا کوردستان کۆنفیدراڵیزم دەچنین" بە هەر وڵاتێکدا کە پێیدا تێدەپەڕن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کۆدەبنەوە.

فێمێنیستەکانی ئابیا یالا

لەسەر بانگەوازی فێمینیستەکانی ئابیا یالا لە ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای و چیلی و مەکسیک و پایس باسک و بۆلیڤیا و هندۆراس شاندێک بەبەشداری فێمێنیستەکان لەگەڵ دۆستی کورد لۆلیتا چاڤێز لە ئاخیم خولێولیەوە دەگەڕێنەوە زێدی وی.

لە ٢٢ ی حوزەیران لە چیاپاس "کەرەڤانەی گەڕانەوە بۆ جڤاک" بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی لەپێناو ئازادی بەدەستی هێزە سەردەستەکانی جیهان گیانیان لەدەستداوە و کۆچبەرکراون، بە مەراسیمێک دەستی پێ کرد. شاندەکە لەو شوێنانەی پێیدا تێدەپەڕن بە درووشـمی "لە ئابیا یالاوە تا کوردستان کۆنفیدراڵیزم دەچنین" زنجیرە چالاکی ئەنجام دەدەن.

دووەمین وێستگەی شاندەکە شاری مەکسیکۆی پایتەخت دەبێت، پاشان چەند چالاکییەک لە هندۆراس ئەنجام دەدرێت و سەردانی گۆڕی ژینگەپارێز و چالاکوان و پارێزەری مافەکانی مرۆڤی هندۆراس بێرتا کاسیرس دەکرێت کە خەڵاتی بە دەستهێنابوو لە ساڵی ٢٠١٦ کوژرا. پاشان دەچنە گواتیمالا و لەوێ ٢ ڕۆژ چالاکی ئەنجام دەدەن.

شاندەکە لەو شوێنانەی پێیدا تێدەپەڕێت بۆ بونیادنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی ژنان  دەکات و سیمینار بۆ ئەم مەبەستە ڕێکدەخات.

سیاسەتی دوورخستنەوە لە شوێن و زێد بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری باوکسالارەوە بۆ لەناوبردنی گەل، بەتایبەت بەئامانجگرتن و بێسەروشوێنکردن و ئاوارەکردنی ژنان، هەروەها پێشخستنی فێمنیزم وەک وەڵامگۆی تێکۆشانی گەل، بۆ ژیانێکی شکۆدار و پێشخستنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی گەلان و ژنان، دەبێتە بابەتی سەرەکی سیمینار و وتوێژەکان.

لەنێو شاندەکەدا، فێمێنیستی بەناوبانگ لۆلیتا چاڤێز، ئادریان گوزمان، کلاودیا کۆرۆل، بێریتا زوێگا هەن.

لۆلیتا چاڤێز کێیە؟

ڕاهیبە ئاورا لۆلیتا چاڤێز چالاکوانێکی بەناوبانگە و لە تێکۆشانی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکاندا ڕۆڵێکی مەزنی هەیە، وەک ئەو دەڵێت، بۆ گەلی مایا کیچێ، سرووشت بە هەموو لایەنێکی ژیانەوە گرێدراوە، چونکە هەموو شتێک خاوەنی ژیان و گیانە. بەم هۆیەوە، لۆلیتا چەندین جار ڕووبەڕووی تۆمەتبارکردن و هەوڵی کوشتن بووەتەوە. لۆلیتا ناچاربوو ئاخیم خولێولی جێبهێڵێت، ئەو شوێنەی لەلایەن هێزە سەرمایەدارەکانەوە بە گواتیمالا ناودەبرێت، لە ساڵی ٢٠١٧ ـەوە لە ئاوارەیی دەژی.