کەژەکە: با لە دژی فاشیزم و کۆڵۆنیاڵیزم و خیانەت، هیوا و ئازادی مەزن بکەین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزی ڕۆژئاوای پیرۆز کرد و بانگەوازی کرد: "با لە کوردستان دژی فاشیزم و کۆڵۆنیاڵیزم و خیانەت، تێکۆشانی هیوا و ئازادی و یەکسانی فراوانتر بکەین، خاوەندارێتی لێ بکەین و پێکەوە بیپارێزین".

ڕاگەیاندراوی کەژەکە دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "دژی سیستەمی سەرمایەداری کە دەیەوێت سەدەی ٢١ بکاتە سەدەی شەڕ و کۆمەڵکوژی، شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە هیوای هەموو مرۆڤایەتی و سەلماندی کە ژیانی دیموکراتیک و ئازادی مومکینە. شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا کە بە پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان و بە ڕەنجی ٢٠ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ هاتۆتەبەرهەم، ١٢ ساڵی بەسەردا تێپەڕی و پێ دەنێتە ساڵی ١٣ هەمینەوە. ئێمە لە ١٢ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزی ڕۆژئاوا لە ڕێبەر ئاپۆ و دایکانی هێژا کە بەشێک لە جەستەی خۆیان بەخشیووە و هەموو ژنان و گەلان پیرۆز دەکەین".

کەژەکە لە درێژەدا دەڵێت: "ئێمە لە کەسێتی هەڤاڵ ئارین میرکان، ڕێڤان، ئاڤێستا خابوور، بارین، ئایلان، پۆڵات، دایکە عەقیدە، ئەبو لەیلا، عایشە دەنیز، هێلین ئینگلیز، سورخوێن ڕۆژهەڵات، ژیان و سۆسن، بە ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بیردەهێنینەوە. بە ڕێز و سوپاسەوە یادی ئەو ٣٣ گەنجە دیموکراتە شۆڕشگێڕانە دەکەینەوە کە ویستیان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە بۆ کۆبانێ پردێک بنیات بنێن و لە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠١٥ لە ئەنجامی هێرشی بۆمبی چەتەکانی داعش لە پیرسوس شەهیدبوون، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە درێژە بە ڕێگەکەیان دەدەین".

"شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە ناسنامەی شۆڕشی ژنان"

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:

"جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین لە مێژوودا شوێنی پێکەوەژیان و مۆزایکی گەلان بووە. ئەم ژیانە، کە جەوهەری مرۆڤایەتییە، لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا سەراوژێر کراوە و مرۆڤ بە نەتەوەپەرستی ژەهراوی کراوە، مرۆڤ دراوە بەگژی یەکتردا. بەڵام سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، بەرامبەر ئەم سیستەمە پاشڤەڕۆیە کە واتای کوشتنی جڤاک و گەل و مرۆڤایەتییە، دەرکەوت و بەم شێوەیە هەڵوەشانەوەی دەوڵەت-نەتەوەکان دەستی پێ کرد.

ژنان کە جەوهەری جڤاکبوونن، لە پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆدا جەوهەری لەدەستچووی خۆیان دۆزییەوە، بۆ یەکبوون لەگەڵ نەریتی دێرینی ئازادیی خاکی میزۆپۆتامیا، ڕەنجی دا. ژنان کە بوونە سیمبولی وڵاتپارێزی و گرێدراو بە خاکەکەیانەوە پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد. بەرخۆدانی هێزەکانی یەپەژە و یەژا ستار بوو بە بەهێزترین بەرخۆدان و سەلماندی کە سەدەی ٢١ سەدەی ژنە و شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان ناسنامەی وەرگرت.

ئەمڕۆ تادێت فاشیزم لە جیهاندا تەشەنە دەکات و هەوڵ دەدرێت گەلان بدرێن بەگژی یەکدا، گەلانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرچاوترین نموونەی پێکەوەژیانن. زیهنیەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە دامەزرێنەر و پارێزەری داعشە، هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی شۆڕش، لە تورکیا و خاکە دێرینەکان کە داگیرکاری دەکات، حیساب بۆ کورد ناکات، هێرش دەکاتە سەر گەلی عەرەب، بە هەموو شێوەیەک، هەموو جیاوازییەکان بە قڕکردندا دەرباز دەکات. فاشیزم دەگەیەنێتە لوتکە، گەل و مەزهەب و کەسەکان دەدات بەگژی یەکتردا. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەبرێت، هەموو گەل بە پێکەوەژیان و خۆبەڕێوەبەری هاوبەش و پاراستنی هاوبەش دژی سیستەمی فاشیست تێدەکۆشن".

پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەرکە

لە شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان لەگەڵ یەپەژە خۆپاراستنی جەوهەریان ئەنجامدا، لەسەر ئەو بناغەیەی ژنان بەبێ پاراستن ناتوانن ئازاد ببن، لەگەڵ کۆنگرەی ستار ڕێکخستنی ژیانی دیموکراتیک و ئازادیان پتەو کرد. بەڵام شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا کە بووەتە دەستکەوتی مرۆڤایەتی، لە دوازدەهەمین ساڵیدا دەکرێتە ئامانجی هێرشی فاشیستەکان. داعش زیهنیەتێکە و ئەم زیهنیەتە سەرچاوەی سەرەکی خۆی لە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە وەردەگرێت. هەروەک چۆن ژن و پیاو لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب، تورکمان، ئەرمەنی، ئاشووری، ئەڵمانی، ئیتاڵی، فەرەنسی و ئەفریقی پێکەوە دژی داعش تێکۆشانی هاوبەشیان کرد و ئەمڕۆش دەبێت بە هەمان ڕۆح بۆ پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر چەتەکان و فاشیزمی تورک تێکۆشانێکی یەکگرتوو ئەنجام بدەن. ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە. بەهێزکردن و بڵندکردنەوەی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ڕێگەیان بە فاشیزم نەدا، بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە.

ئەمڕۆ فاشیزمی تورک هێرشەکانی داگیرکاری و لکاندنی بۆ سەر چوار پارچەی کوردستان زیاتر کردووە. پلانی گەمارۆدان و تەسفیەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بواری جێبەجێکردندایە، هاوکات هێرشی داگیرکردن و لکاندن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان و عێراق پێش دەخات. پاراستنی هەموو کوردستان، پێشخستن و فراوانکردنی هێزی تێکۆشانی یەکگرتوو لە ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور زۆر گرنگە. لە ١٢ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، پێویستە ڕۆحی ئەم شۆڕشە لە چوار پارچەی کوردستان فراوان بکرێت و لەم ڕووەوە هیوای مرۆڤایەتی و ژنانی بندەستی جیهان مەزن بکەین. بانگەواز لە کوردانی وڵاتپارێز و ڕێکخراوە شۆڕشگێر و دیموکراتەکان و کەسایەتی و ژنانی ئازادیخواز دەکەین، با بە ڕۆحی بەرخۆدانی شەهیدانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ ی تەمموز و ڕۆحی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، دژی فاشیزم و کۆڵۆنیاڵیزم و خیانەت تێکۆشانی هیوا و ئازادی و یەکسانی فراوانتر بکەین، خاوەندارێتی لێ بکەین و پێکەوە بیپارێزین".