کەژەکە: دەبێت بە شێوەیەکی بەهێز خۆڕاگری بکەین و سەربکەوین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لەپێناو خاوەنداری لە تێکۆشانی رۆژئاوا بانگەوازی کرد و رایگەیاند، "لەم رۆژانەدا کە تەنانەت کاتژمێرەکانیش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگن، دەبێت ئێمە بە شێوەی بەهێز خۆڕاگری بکەین و سەربکەوین".

لە راگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکەدا هاتووە، "شەڕی سێهەمی جیهانی لەئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە. بەتایبەتی دوای شەڕی ئیسرائیل- حەماس و ئیسرائیل-حزبوڵا، پێشبینی دەکرا کە شەڕەکە بگوازرێتەوە بۆ سوریا و عێراقیش. هێزە هەرێمایەتیەکان و هێزە هەژمونگەرا نێونەتەوەییەکان  بۆ زیاترکردنی هەژمۆن وهێزی خۆیان هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە و بە نائارامکردنی هەڕێمەکە لەپێناو بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانیان هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ هەرێمەکە دیزاین بکەنەوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا لە رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر سوریا دەستیپێکرد.

ئاکتەری سەرەکی هێرشەکە دەوڵەتی تورکە

کۆردیناسیۆنی کەژەکە رایگەیاند، "ئەو چەتانەی لە داعش، ئەلقاعیدە، سەلەفییەکان و جیهادییەکان پێکدێن دەستیان بە هێرشێکی نوێ و بەرفراوانی داگیرکەری بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رۆژئاوا و حەڵەب کردووە" و بەم جۆرە درێژە بە راگەیەندراوەکە دراوە: "چەتە و مێشکی داعش و ئەلقاعیدە جارێکی دیکە پەلاماری کوردان، ژنان و گەلان دەدەن. بەهۆی ئەو هێرشەوە کۆمەڵکوژی، قڕکردن و جینۆسایدی ژنان سەرلەنوێ دێنە ئاراوە. ئاشکرایە کە لە پشت ئەو هێرشانەوە دەوڵەتی تورک هەیە. ئەو شەپۆلەی هێرشەکان کە هێزەکانی وەک ناتۆشیان لە پشتەوەیە، هیچ سودێک بە ئاشتی گەلان و پێکەوەژیانیان ناگەیەنێت. بەتایبەتی ئەو هێرشانە بە شێوەی هاوکات بۆ سەر تل رەفعەت، منبج، تل تەمر و رۆژئاوا دەستیان پێکرد، دەریدەخەن کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکی نوێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ دەکرێت. ماوەیەکی زۆربوو کە کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک باسیان لە کۆمەڵکوژی و هێرشی قڕکاری نوێ لە دژی کوردەکان دەکرد. ئەوە هێرشێکە بۆ سەر ژنان و بەڕێوەبەری دیموکراتیک، یەکسان و پێکەوەژیانی گەلانی کورد، عەرەب، سوریانی، ئەرمەنی، چەچەن و تورکمان کە لە سەر خاکی خۆیانن. لەبەر ئەوەی ناتوانن بەرامبەر بە مۆدێلی رۆژئاوا خۆیان بگرن، کە لە سەر بنەمای یەکسانی، ئازادی و پاراستنی فرەڕەنگی گەلانە. هەروەها وەک کۆتاییهێنان بە سیاسەتی نەتەوە دەوڵەت، نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستی دەبینن، بۆیە هێرشی دەکەنە سەر. ئەکتەری سەرەکی ئەوەش دەووڵەتی تورکە. چەتەکانی ئەلقاعیدە و داعش لەماوەیەکی کورتدا بە رێبازی شۆککردن هێرشیان کردە سەر حەڵەب و دەستیان بەسەردا گرت، ئەوەش دەریدەخات کە ئەو دۆخە دابڕاو و جیا نییە لە هێزە نێونەتەوەییەکان، کە بەدوای دیزاینکردنەوەی هەرێمەکەوەن. کشاندنەوەی پاشماوەکانی داعش بۆ ئیدلب، پەروەردەکردن، پڕچەککردن و ئامادەکردنیان لەوێ، هەروەها هێرشەکانیان دەریدەخات کە دۆخێکی پلانبۆداڕێژراوە و ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت. ئاشکرابوو کە ئەو هێزانەی لە هەرێمەکەدا بەدوای هەژمونگەرایین لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئەو پرۆسەیان داڕشتووە و بەڕێوەی دەبەن. هەروەها سوپای سوریا بە بێ ئەوەی خۆڕاگری بکات، کشایەوە، ئەو هێزانەی لەگەڵ سوریادا لە هاوپەیمانیدان بۆ وەستاندنی هێرشەکان هاوکاری بەرچاو پێشکەش ناکەن و ئەوەش دەری دەخات کە هێرش و سیاسەتی چەپەڵ لەسەر گیان و خوێنی گەلان لە ئارادایە.

بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی ژنان دەست پێبکەن، دەستیان بە جموجۆڵ کرد

وەک لە زۆربەی شەڕ و هێرشەکاندا دەبینرێت، لەم هێرش و سیاسەتە شەڕانەدا ژن، مرۆڤ و منداڵ دەکوژرێن، هێرشیان دەکرێتە سەر و دەبنە ئامانجی سیاسەتی جینۆسایدەوە. ئەم هێز و مێشکی سەلەفی/جیهادییە، بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە ژن وەک کۆیلە/خزمەتکار بەکاربهێنن، بیفرۆشن و چالاکانە جینۆسایدی ژنان ئەنجام بدەن، سەریان هەڵداوە. ژنان وەک هێرشە جینۆسایدەکانی ساڵانی ٢٠١٣/٢٠١٤ کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا ڕووبەڕووی بونەتەوە.

نایانەوێت ئەم جوگرافیایە بە ئازادی ژنان ڕوون بێتەوە و ببێتە ناوەندێکی یەکسانی و ئازادی کە ژنان بەڕێوەی ببەن. ئەم هێرش و کۆمەڵکوژیانه له لایەن هەمان عەقڵیەت و تێگەیشتنەوە ئەنجام دەدرێت.

بۆ تێکۆشانی ڕۆژئاوا بانگەوازی یەکڕیزی دەکەین

وەک تەڤگەری ژنانی ئازادی کوردستان کە بە تێگەیشتن، تێڕوانین و پارادایمی خوڵقاندنی ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد کار دەکەین، جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە ئەو کەسانەی عەقڵییەتێکی گڵاو و تاریکیان هەیە کۆتایی پێدێنین، ئێمە ئەم تاریکییە، کە لەلایەن تێگەیشتن و سیستەمی پیاوسالاریەوە دەپارێزرێت، تێکدەشکێنین. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە بە شێوەیەکی کاریگەر تێبکۆشن و بەبێ دواکەوتن پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بەرز بکەنەوە. لە دژی ئەم دڕندەیی و بەڕبەڕییەتە، دەبێت لەسەر بنەمایەکی کاریگەر و بەهێز بەرگری لە خۆمان بکەین. نابێت لەبیرمان بچێت، ئەگەر ئەمڕۆ بە ئەرکی خۆمان هەڵنەستین، لەوانەیە سبەی زۆر درەنگ بێت. هەموو گەلانی ڕۆژئاوا کە ژیان و داهاتوویان لە ژێر هەڕەشەیە، دەبێت خۆیان بەڕێکخستن بکەن و بەرخۆدانیان بەرز بکەنەوە.

ئەمڕۆ کورد و دانیشتوانی ناوچەکە بەتایبەتی بەهۆی هێرشە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورکەوە کەوتوونەتە چنگی کۆمەڵکوژییەکی نوێیەوە، وەک ساڵی ٢٠١٤ پێویسته له هه موو شوێنێک ڕاپەڕن و له سەرانسەری کوردستان و هەر شوێنێک دەژین و دەرەوەی وڵات تێکۆشانیان بەرزبکەنەوە. دەبێت هەموو دۆست و هێزە هاوپەیمانەکان، چەپ و سۆسیالیستەکان، شۆڕشگێڕ و دژە سەرمایەدارەکان ئەو بزانن کە دەیانەوێت ڕووناکی کوردستان تاریک بکەنەوە، بێگومان ئەم تاریکییە بە شێوەیەکی سەرەکی تاریکی هەموو ژنان و گەلانە. بۆیە داوا لە هەمووان دەکەین خاوەنداری لە داهاتووی ڕووناکمان بکەن."