بە دیمەن

لە بروکسل بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی چالاکی ئەنجامدرا

کوردستانیان و چالاکوانانی سیاسی بە ئامانجی شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدانی پارێزەرانی مافی ژنان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بروکسل چالاکیان ئەنجامدا.

کوردستانیان و چالاکوانانی سیاسی بە پێشەنگایەتی کژار و پەژاک و تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بە ئامانجی شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدانی پارێزەرانی مافی ژنان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، چالاکیان ئەنجامدا.

چالاکوانان لە کاتژمێر ١٤:٠٠ لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بروکسل کۆبوونەوە وێنەی چالاکوانە سیاسییەکانی نێو زیندانەکانی ئێران و درووشمیان دژی دەوڵەتی ئێران بەرزکردەوە.  

لەسەر ناوی کۆمیتەی کاری دەرەوەی پەژاک و کژار ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، جەختکرایەوە لە گرنگی یەکگرتن و پشتگیری بۆ ڕێگری لەم کارە دڕندانەی دەوڵەتی ئێران. دووپاتکرایەوە ئەم سزایانە کۆتایی دەوڵەتی ئێران نزیکتر دەکاتەوە، گوترا: "لە ئێران هەژاری و بێکاری گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. ئەو مەلایانەی لەژێر ناوی ئایین بڕیار لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەدەن، لە دەوڵەمەندییەکی مەزندا دەژین و ژیانی گەل بە هیچ نازانن. ئەمە جگە لەوەی چاوترساندنی خەڵکە، هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەر کۆمەڵگا".

ئێران لە ژنان دەترسێت بۆیە سزای لەسێدارەدان دەدات

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بەهۆی بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئێران سزای لەسێدارەدان دەدات، دەڵێت: " چونکە ئێران زۆرترین ترسی لە ژنان و هێزی ژنان هەیە، هەمیشە بە شێوەیەکی سیستماتیک دژی ژنان مامەڵە دەکات. ژنێک کە لە ماڵەوە لەلایەن مێردەکەیەوە دەچەوسێنرێتەوە، بە گشتی لەلایەن دەوڵەتی پیاوسالارەوە، چەوساوەتەوە".  

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سڵاوکرا لە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی و هەزاران ژنی نێو زیندانەکان، بانگەواز لە هەمووان کرا: "ئەمڕۆ بەرپرسیارین بەرامبەر پاراستنی ئەوان و ڕزگارکردنی ژیانیان. پێویستە هەموو کەس و ڕێکخراو و دەزگایەک بەم هزرەوە مامەڵە بکات. بانگەواز لە تەواوی ڕێکخراو و دەزگاکان دەکەین کە لەژێر ناوی مافی مرۆڤدا کار و خەبات دەکەن، خاوەندارێتی لە ئەرکی مرۆیی خۆیان بکەن".

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" و "مردن بۆ ڕژێمی کوشتن و سێدارە" و "مردن بۆ ڕژێمی دژە ژن" کۆتایی هات.