لە بروکسێل و گراز رێپێوانەکانی ٨ی مارس

بە بۆنەی ٨ی مارسەوە بە هەزاران ژن لە شەقامەکانی بروکسێل رێپێوانیان کرد، بە دەنگ، موزیک و سەما مۆری خۆیان لە شەقامەکانی شارەکەدا. لە گرازیش ژنان سەرنجیان راکێشا بۆ سەر توندوتیژی و چەوساندنەوە و فاشیزم.

لە ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان لە بروکسێلی پایتەختی بەلجیکا بە هەزاران کەس لە نیوەڕۆدا لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەوە. لە کۆتایی رێپێوانەکەدا ژمارەیان گەیشتە ١٠ هەزار کەس. ژنان ئەو پلاکاردانەیان هەڵگرتبوو کە گوزارشت بوون لە ئازار، رەنگ و کولتورە جیاجیاکانیان و بە دروشمەکانیان توڕەیی خۆیان بەرامبەر سیستمی پیاوسالار دەربڕی. هاوکات تەژەکە-ئە بە ئاڵاکانی خۆیەوە، وێنەی شەهیدانی پاریس و هەروەها بە وێنەکانی وەریشە مورادی، ژینا ئەمینی و زەینەب جەلالیان بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد.

ژنان لە رێپێوانەکەدا بێ پسانەوە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە، دەنگی خۆیان یەکخست و بە سەما و گۆرانی وتنەوە مۆری خۆیان لە شەقامەکانی بروکسێل دا. دواتر لە گردبوونەوەکەدا وتار پێشکەش کران و لە سەر ناوی تەژەکە-ئە راگەیەندرا: "ئێمە وەک ژنانی کورد بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرەو ئازادی ژن هەنگاو دەنێین و درێژە بە رێپێوان و هەنگاوەکانمان دەدەین. لەبەر ئەوەی ئێمە دەنگ، رەنگ و رێبوارانی رۆزا، سارا، هەڤرین خەڵەف و بە هەزاران ژنین کە ئەمڕۆ لە هەموو کایەکانی ژیاندا بۆ بیر و بڕوای خۆمان تێدەکۆشین. ئێمە هەرگیز سەرمان بۆ سیستمی سەرمایەداری و سیستمی دەوڵەتی پیاو دانانەوێنین. ئێمە پێکەوە بەهێزین و خوشکی یەکترین".

لەو چالاکیەدا کە کاتژمێر ١٧:٠٠ دەستیپێکرد و نزیکەی ٢ کاتژمێر بەردەوام بێت، لەسەر ناوی رێکخراوەکان وتار پێشکەش کرا، نمایشی هونەری جیاجیا پێشکەش کرا و تا درەنگانی شەو نمایشەکە بەردەوام بوو.

گراز       

                                     

لە شاری گرازی نەمسا، ژنان لە کارمێلیترپلاتز تا هاوپتپلاتز رێپێوانیان کرد. ژنانی کوردیش بە پلاکاردەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"سەرنجیان بۆ سەر توندوتیژی، چەوساندنەوە و فاشیزم لە دژی ژنان راکێشا. لە چالاکییەکاندا کە نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسی و دامەزراوەش ئامادەبوون، ژنان گۆڤەندیان گێرا و بە دەم موزیکەوە درێژەیان بە رێپێوانەکەیان دا.

چالاکیەکە دوای پێشکەش کردنی وتارەکان لە هاوپتپلاتز کۆتاییهات.

هـ . ب