لە کەرکوک کۆڕی "گرنگی بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا" بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "گرنگی بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا"، کۆڕێک بۆ سەمیرە ئەحمەد ژنە چالاکوان، سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانانی ژنان و میدیاکاران، لەژێر ناونیشانی "گرنگی بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا" کۆڕێک بۆ سەمیرە ئەحمەد ژنە چالاکوان و سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخرا.

جێگای باسە، سەمیرە ئەحمەد ژنە سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین، لە کۆڕەکەدا باسی لە گرنگی بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسی کرد و گووتیشی "ڕۆڵی بەرخۆدانی ژنانی رۆژئاوای کوردستان و شاری کۆبانێ نموونەیەکی باشە بۆ هاندانی ژنان کە بەشداری لە هەموو کایەکان بکەن".

سەبارەت بە کۆڕەکەی، سەمیرە ئەحمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "لە کۆڕەکەی ئەمڕۆمان باسمان لە گرنگی بەشداری ژنان کرد لە بواری سیاسەتدا، ئەگەر بەشداربن دەتوانن چ گۆڕانکاریەک بکەن بۆ تەواوی پرسەکانی کۆمەڵگا، هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانمان خستەڕوو وە چی پێویستە بۆئەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵ و پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، بەداخەوە کۆمەڵێ بەربەست و کۆسپ و ڕێگری گەورە هەیە لەبەردەم ژنان کە نەتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینە یاخود پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت ئەویش ڕەوتە باوەکانی کۆمەڵایەتییە وەکو دەستێوەردانی دەرەکی و پشتیوانی نەکردنی ژنان لەلایەن حزبەکانیان یاخود دەرفەت نەڕەخسان بۆ ژنان تاوەکو رۆڵی خۆیان بگێڕن، هەرچەندە ژنان زیاتر لە کایە جیاوازەکان بەشداربن ئەوە گەشەپێدانی کۆمەڵگا زیاتر و بەهێزتر دەبێت".

هەروەها ئەو ژنە سیاسەتمەدارە سەبارەت بە رۆڵی ژنان لە خەباتی سیاسی و چەکداری لە پارچەکانی کوردستان ڕایگەیاند: "بێگومان ڕۆڵی ژنان لە تەواوی کوردستان هەمیشە لە داکشان و هەڵکشاندا بووە، هەر کاتێک کە بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیر هەبووە ئەوە ژنان توانیویانە هەنگاوێکی باش بەرەو پێشەوە بچن، بۆ نموونە ئێمەی ژنانی باشور قۆناغی ساڵانی ٨٠کان توانیمان رۆڵێکی باش بگێڕین، هەروەها لە ساڵانی ٩٠کان لە باکوری کوردستان ژنانی شۆرشگێر توانیان ڕۆڵێکی بەرچاو بین کە لە ئاستی جیهانی ناویان هەبێت".

لە درێژەی قسەکانیدا، سەمیرە ئەحمەد ژنە سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین، باسی لە بەرخۆدانی ژنانی رۆژئاوای کوردستان کرد و ووتی: "لە قۆناغی ئیستاشدا لە رۆژئاوای کوردستان دەبینین کە ژنان توانیوانە رۆڵێکی بەرچاو ببینن لە ئاستی جیهاندا، بەڕاستی هۆکاری سەرکەوتنی شۆرشی رۆژئاوا رۆڵی بەرچاوی ژنانە کە توانیان بەشدارییەکی ڕاستەقینە و بەهێز بکەن لە خەباتی سیاسی و چەکداری و هەموو کایەکانی دیکە، بۆیە ئێستا لە ئاستی جیهانیدا چاودێری ڕۆژئاوا ئەکرێ هۆکارەکەی ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی ژنانە، هیوادارم بتوانرێت تۆڕەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو ڕێکخراوەکان بتوانن تۆڕبەندی هەبێت تاوەکو لە ئاستێکی بەرفراوانتر بتوانین پرسی ژنان بکەینە پرسێکی نێونەتەوەیی، ئێمە دەزانین نموونەی ئێستای رۆژئاوای کوردستان و شاری کۆبانێ نموونەیەکی بەرچاوی باشە، وەکو هاندانێکە بۆ هەموو ژنان کە بتوانین تواناکانی ژنانی کورد نیشان بدەین".