لە کەرکوک، سەبارەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم سیمینارێک سازکرا
لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "یەک بگرن لەپێناو کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەدروشمی "نەبوونی بەهانە" سەبارەت بە هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم سیمینارێک سازکرا.
لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "یەک بگرن لەپێناو کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەدروشمی "نەبوونی بەهانە" سەبارەت بە هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم سیمینارێک سازکرا.
ئەمرۆ یەکشەممە، لە کۆشكی رۆشنبیری و هونەر لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "یەک بگرن لەپێناو کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەدروشمی "نەبوونی بەهانە" دەزگای ڕاگەیاندنی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، هەستان بە ڕێکخستنی سیمینارێک بە هاوکاری کۆمەڵەی هیوای عێراقی سەبارەت بە هەڵمەتی رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم کە دەکاتە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
جێگای باسە، لە سیمینارەکە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و رۆشنبیر و چالاکوانی هەردوو ڕەگەز ئامادەبوون، سیمینارەکە لەلایەن هەردوو ژنە چالاکوانی شاری کەرکوک، سرود محەمەد سەرۆکی کۆمەڵەی هیوای عێراق و شۆخان عومەر چالاکوانی بواری ژن و توێژەری کۆمەڵایەتی پێشکەش کرا.
شۆخان عومەر توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری ژنان، سەبارەت بە سیمینارەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتی: "سیمینارەکەی ئەمڕۆمان دەربارەی توندوتیژی ودۆخی ژنان بوو کە تا چەند ژنان لەم شارە و لە کۆمەڵگەکەمان ڕووبەڕووی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانی دەبنەوە، هەروەها ڕێگا چارەسەرەکان چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وەکو لای هەمووان ئاشكرایە کە هەموو ساڵێک بۆ ماوەی ١٦ رۆژ چالاکی ڕادەگەیندرێت کە تێیدا سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر سەبارەت بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، هەموو ئامانجەکەش ئەوەیە کە بتوانین توندوتیژی دژی ژنان کەم بکەینەوە".
هەروەها شۆخان عومەر وتیشی: "بەداخەوە ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕوو لە هەڵکشانە، ژنان ڕووبەڕووی جۆرەها شێوەی توندوتیژی دەبنەوە لەوانەش توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، کوشتن و ناچارکردن بە خۆکوشتن، هەروەها باسمان لەوەش کرد کە ئێمەش وەکو ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت پێویستە چی بکەین لەپێناو پاراستنی ژنان و ڕووبەڕبوونەوەی توندوتیژی".
لە کۆتایی قسەکانیدا شۆخان عومەر ڕایگەیاند: "بەداخەوە تاوەکو ئیستا لە شاری کەرکوک هیچ شوێنێک نیە وەکو شێڵتەر "پەناگە" بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە، بوونی پەناگە بۆ ژنان زۆر گرنگە لە دۆخی ئیستای کۆمەڵگا و زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان".