لە مانگی نیساندا لە تورکیا ٢١ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون

بەگوێرەی ئاماری کەجەدەپە، لە مانگی نیساندا لە تورکیا٢١ ژن کوژراون و ٢٣ ژنیش بە شیوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە.

پلاتفۆرمی ' ئێمە کوشتنی ژنان رابگرین (کەجەدەپە)' ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە مانگی نیساندا بڵاوکردەوە.

راگەیەندرا، ٢١ ژن کوژراون. لەو ژمارەیە ٥ ژن بەهۆی ئەوەی داوای جیابوونەوەیان کردووە، هاوسەرگیری و پەیوەندیان رەت کردووەتەوە کوژران. ٢ ژن بەهۆی کێشەی ئابوری، ژنێک بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەوی کوژراون و هۆکاری ١٢ کەسی دیکە نەزانراوە.

لەو ژمارەیە ١١ ژن لە ماڵەوە، ٥ ژن لە کۆڵان، ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێڵ، ژنێک لەنێو گەوڕ و ژنێک لەنێو خێمەدا کوژراون. واتە ٥٢٪ی ژنان لە ماڵەکانیاندا کوژراون.

هەروەها لەو ژمارەیە ١٤ ژن بە چەک، ٥ ژن بە چەقۆ و ژنێکیش بە خنکاندن کوژراون.

هەروەها لە ئامارەکەدا هاتووە، ٢٣ ژنی دیکە بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ف.ق