لەبارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان گوڵستان و هێرۆ نامەیەک ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا
هاوپەیمانی رۆژنامەنووسانی ژن لە نامەیەکدا کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە، داوایکردووە، لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بکات.
هاوپەیمانی رۆژنامەنووسانی ژن لە نامەیەکدا کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە، داوایکردووە، لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بکات.
لە ٢٣ـی ئەم مانگە، لە کاتێکدا تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە سەیدسادق و شارەزوور کردبوو، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بە ئامانج گیران، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون و بەرپرسی بەشی دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیاکەش بەناوی “ڕێبین بەکر” بریندار بوو، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لەو چوارچێوەیەشدا کیران نازیش، بەڕێوەبەری هاوپەیمانی ڕۆژنامەنووسانی ژن-CFWIJ، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکە لە دژی ڕۆژنامەنووسان کرد.
کیران نازیش ڕایگەیاند، ئەمە یەکەم جار نییە و هێرشێکە دژ بە گەلی کوردە، ڕۆژنامەنووسان چاودێریی ڕاستەقینەی بابەتەکانن، ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵانێکە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا لە ژێر فشاردان، لە کاتی ئاڵۆزی سیاسیی، هەوڵی کودەتا، بوومەلەرزە و کارەساتەکاندا، هەمیشە میدیا و ڕۆژنامەنووسانی کورد بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچەوسێندرێنەوە، بە هەزاران ژنە ڕۆژنامەنووس بوونە سەرچاوەمان بۆ بە بەڵگەکردنی هێرشەکانی دژی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی.
لە بەردەوامی قسەکانیدا کیران وتیشی: ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ژنان ماوەی پێنج ساڵە هەوڵی دەرخستنی فشار، گرتن، دەستبەسەرکردن و هێرشکردنە سەر گەل دەدات، لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە تا ئێستا میدیای ئازادی کوردیی بە تۆمەتی تیرۆر کراونەتە ئامانج، چەندین ڕۆژنامەنووسی ژن سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
کیران باسی لەوەش کرد، کە ڕۆژنامەنووسان بە ئەنقەست لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە ئامانج و وتی: لە کاتی بوومەلەرزەکەی تورکیادا، ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕووبەڕووی هێرش و دەستگیرکردن بوونەوە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا، زۆربەیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا و ڕێگریی کاریان لێکرا، ئەمەش نایەکسانی و توندوتیژییە.
هەروەها کیران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە باکووری و باشوور ململانێ و فشاری وڵاتانی دەرەوە هەیە، ئەو ناوچانەش پێویستیان بە ڕۆژنامەنووسانی کارا هەیە، هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە بێنە سەر خەت بۆ مافی ژنانی ڕۆژنامەنووس پێشێل نەکرێت، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکانی جەنگ گرنگە، ئەگەر زیانیان پێ بگات، ئەوە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی.
لە کۆتایشدا وتی: بەداخەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە هیچ هیوایەکمان نییە کە تورکیا سزابدرێت، لەگەڵ ئەوەی پێوسیتە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بکرێت بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئەو دو ژنە ڕۆژنامەنووسە ئێمە نامەیەکمان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان نارد و ڕامانگەیاند، کە پێویستە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە ئاسمانییە بکرێت کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس.