پەرتوکخانەی ژنانی کورد بەڕووی خوێنەراندا کرایەوە

ناوەندی زانست و لێکۆڵینەوە و ئەرشیفی پەرتوکخانەی ژنانی کورد، بەڕووی خوێنەراندا کرایەوە.

ناوەندی زانست و لێکۆڵینەوە و ئەرشیفی پەرتوکخانەی ژنانی کورد، یەکێک بوو لە خەون و پرۆژەکانی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، ناگیهان ئارکاسال، کە ٤ ی تیشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە شاری سلێمانی شەهیدکرا.

دووەم ڕۆژی چالاکی کردنەوەی ناوەندەکە لە شاری سلێمانی بەردەوامە، ژنانی ئامادەبوو بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چوونە نێو پەرتوکخانەکەوە.

ئەندامانی تەڤگەری تەژە ئا، ، مەجلیسی ژنانی پارتی چەپی سەوز، ژنانی شەنگال و مەخمور و ڕۆژئاوا بەشداربوون. هەروەها لە پرۆگرامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە کەتەلۆنیا، پزیشک ئەڵمانی باربەرا پادێ تێسین بەشداربوو، کە خاوەنی چەندین هەوڵە دەربارەی جڤاکی باوکسالار. هەروەها کۆمیتەی ژنۆلۆژی ئەڵمانیا و ژنانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان بەشداری چالاکییەکە بوون. ئەم ژنانە کتێب و گۆڤاری جیاوازیان دەربارەی ژن و تێکۆشانی ژن پێشکەشی پەرتوکخانەکە کرد لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاری مادی.

بۆتان هۆشی، لە کۆمەڵەی ژنە نوسەرانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوە کرد، ژنان لە جیهانەوە بۆ یەک ئامانج ڕوودەکەنە سلێمانی. هەروەها سڵاوی تێکۆشەرانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لەگەڵ خۆیدا هێناوە و گوتی: "ژنانی ئەوێ لەپێناو ئازادی تێدەکۆشن. زۆرێک لە ژنان ویستیان ئامادەبن لێرە، بەڵام دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا. نوسەرانی ڕۆژئاوا سڵاویان بۆتان هەیە. گرنگە ئەم پەرتوکخانەیە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بکرێتەوە. پیرۆزە لە هەموو ئێمەی ژنان".

هەروەها فاتمە ڕۆژهەڵات بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بەشداری کرد. ڕۆژهەڵات ئاماژەی کرد بە هەوڵی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی، ناگیهان ئەرکاسال بۆ کردنەوەی پەرتوکخانەی ژنانی کورد. گوتی: "ئەم پەرتوکخانەیە لەپای ڕەنجێک کرایەوە. دەبێت خاوەندارێتی لەمە بکەین و بیپارێزین. کاروانەکەمان بەم ڕێگەیە بەردەوام دەبێت بۆ نوێنەرایەتی تێکۆشانی ژن. سەری ڕێز دادەنەوێنم لەبەردەم تێکۆشانی ژنانی ئازادیخواز".

"هەموو ژنان دەبنە بەشێک لەم قۆناغە"

سینا ڤ. گیمینسام، کە لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، باسی لە گرنگی ناوەندەکە کرد و گوتی: "تۆمارکردنی سترانی داپیرانمان گرنگە لەپێناو دیموکراسی. دەمانباتەوە بۆ میزۆپۆتامیای سەرچاوەی کەلتوور و مێژوو و زمانەکەمان. لێرە لێکۆڵینەوەی مێژووی دەکرێت و بۆ ئێمە گرنگە. ئێمە لێرەین تا ببینە بەشێک لەم قۆناغە".

سروە بەیان، لە هەرێمی کوردستانەوە، گوتی، مێژووی تێکۆشانی ژنانی کورد لەم کتێبخانەیە دەنوسرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت، هەموو جیهان مێژووی ژن لە جیهان و پێکهاتنە کۆمەڵایەتییەکەی دەبینن بەتایبەت ژنانی کورد.

فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە مێردین، سڵاوی لە ژنانی کوردی تێکۆشەری ئازادی کرد و گوتی: "ئەم ژنانە لێرەن بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی ناگیهان ئەرکاسال. کاتێک بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لێپێچینەوە لە تاوانی دژ بە ژینا ئەمینی کرا، بیستمان چالاکوانی ئەم دروشمە، ناگیهان، لێرە کوژراوە. لە ڕۆژهەڵاتی کورستان ژینا، لە باشوری کوردستان ناگیهان، لە ڕۆژئاوا هەڤرین خەڵەف و یوسرا، لە فەرەنسا ساکینە و لەیلا و فیدان. دەیانەوێت لە هەر شوێنێک دەسکەوتی کورد هەبێت، پەیاممان بۆ بنێرن. دەیانەوێت پارادایمی ئازادی ژنانی ئێمە لەناوببەن. دەیانەوێت تێکۆشانی گەلی کورد لەناوببەن. ئێمەش لەم پەرتوکخانەیەوە دەڵێین: ئەو چرایەی ناگیهان و هاوڕێکانی دایانگیرساند، ئەم پەرتوکخانەیە و دەنگەکانی نێو پەرتوکخانەکە ڕووناک دەکاتەوە، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تەشەنە دەکات بە جیهاندا، ملکەچی فاشیزم نابین".

ژنان کتێب و گۆڤارەکانی خۆیان لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و ئەرشیف و پەرتوکخانەی ژنانی کورد دانا.

چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "هاوڕێ ناگیهان نامرێ" کۆتایی هات.