لە شەنگال چالاکییەکانی ٨ی مارس دوای بەرنامەیەکی چڕ و پڕ دوێنێ بە ئاهەنگێکی جەماوەری گەیشتە کۆتایی. بە سەدان ژنی ئێزدی لە باخچەی عەبدوڵا ئۆجالان لە دۆڵی کەرسێ کۆبوونەوە، هەم بەڵێنی گوڕپێدان بە تێکۆشانی ئازادی ژنانیان دا و هەمیش پەیامی ئەوەیان راگەیاند، کە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەگوڕتر دەکەن. لە بوارەکانی خۆپاراستن تا کولتور-هەنەر و ئەنجومەنەکانی گەل، بە سەدان ژن کە پێشەنگایەتی تێکۆشانی شەنگالی خۆبەڕێوەبەر و ئازاد دەکەن، جارێکی دیکە هێز و جۆش و خرۆشی خۆیان بە دۆست و دوژمن نیشاندا. هەروەها بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لەو رۆژەدا هەڵمەتی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن"یان راگەیاند.
'ئێمە پێشەنگایەتی هەڵمەتی ئازادی دەکەین'
لە فەرماندەیی یەژەشە هێزا شەنگالی لە ئاهەنگەکەدا پەیامی یەژەشەی بە ژنانی ئێزدی و جیهان راگەیاند، ٨ی مارسی وەک رۆژی تێکۆشان و بەرخودانی ژنان ناودێر کرد و ئەم پەیامەی دا: "ئەوەی واتای تێکۆشانی ئەم رۆژەی بە جیهان نیشاندا رێبەر ئاپۆ بوو. ئێمە سەرەتا لە ئەو، لە گەریلاکانی سەر چیا، لە یەژاستار، ئەو هەڤاڵانەی لە سەنگەرەکاندا خۆڕاگری دەکەن، لە یەپەژە و بزوتنەوەی ئێزدی پیرۆز دەکەین. رێبەر ئاپۆش دەڵێت کە هەموو رۆژێک رۆژی ژنانە، پێویستە هەموو رۆژێک ببێتە رۆژی ژنان. ئەوەی ئەو رۆژەی واتادارکرد، گەورەی کرد، تێکۆشانی ژنانی پەرەپێدا رێبەر ئاپۆ بوو. ئەمڕۆ ژنان دەتوانن بە ناسنامەی خۆیان، بە هەبوونی خۆیان، بە کولتوری خۆیان پێشەنگایەتی کۆمەڵگا بکەن. ٨ی مارس لە سەرجەم ئەو ژنان پیرۆز دەکەین کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد".
هێزا شەنگالی هەروەها بە بیریهێنایەوە کە هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو جیهاندا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ و وتی: "ئەو هەڵمەتە پێدەنێتە قۆناغی دووەمەوە، ژنانیش لە هەموو قۆناغەکاندا بەشداری لە هەڵمەتەکەدا دەکەن. وەک یەژەشە ئێمە تاکۆتایی لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا تێدەکۆشین".
'٨ی ئادار رۆژی ئازادییە'
ئەندامی ناوەندی کولتور و هونەری ستیا نەخشە خەزالیش ٨ی مارسی لە سەرجەم ژنانی جیهان پیرۆز کرد و وتی، "دەڵێن ئەم رۆژە دەبێتە رۆژی ئازادی. بەتایبەتی ئەمڕۆژە لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم. دەبێت هەموو ژنێکی جیهان بزانێت واتای ئەمڕۆژە چییە و هەموو ژنێک ئەو رۆژە پیرۆز بکات".
'بەر لە فەرمانەکە ژنانی ئێزدی ٨ی مارسیان پیرۆز نەدەکرد'
ئەندامی دەستەی هەماهەنگی تاژێ ئەرهام ئیسماعیل لەبارەی پیرۆزبایی ٨ی مارس لە شەنگال بەم جۆرە روانینی خۆی خستەبەر باس: "زۆر بە پیرۆزی دادەنێین کە ٨ی مارس لە شەنگال پیرۆز دەکرێت. بەر لە فەرمانی ٢٠١٤ ٨ی مارس لە شەنگال پیرۆز نەدەکرا، ژنانی ئێزدی کۆنەدەبوونەوە. ئێستا لە سایەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ ژنانی ئێزدی ٨ی مارس پیرۆز دەکەن. بانگەوازمان بۆ ژنانی ئێزدی ئەوەیە کە هەڵسنە سەرپێ و ستەمی سەر خۆیان قەبوڵ نەکەن".
هـ . ب