سەکەبە: هێرشەکەی کەرکوک تێکۆشانی ژنانی کورد ڕاناوەستێنێت

یەکێتی ژنانی سۆسیالیست (سەکەبە)ی ئەوروپا هێرشەکەی کەرکوکی شەرمەزارکرد کە تێیدا ژنە شۆڕشگێڕی کورد فریال سلێمان خالید (زەلال زاگرۆس) کرایە ئامانج، دووپاتی کردەوە ئەم هێرشە تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد ڕاناوەستێنێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "فریال سلێمان خالید (زەلال زاگرۆس) زیاتر لە ٣٠ ساڵ بۆ ئازادی ژن و گەلی کورد تێکۆشا. هێرشە قڕکەرەکەی کەرکوک تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد ڕاناوەستێنێت".

سەکەبە جەختی کردۆتەوە دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی سیستەماتیک ژنانی کوردی شۆڕشگێڕ دەکاتە ئامانج و بەم دواییانەش ژنە تێکۆشەری کورد فریال سلێمانی کردە ئامانج، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بۆ ئازادی ژن و گەلەکەی تێکۆشا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخراوەتە سەر خەبات و تێکۆشانی شەهید لە پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ڕۆڵی پێشەنگانەی لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان گەلی کورد و عەرەب و مەسیحییەکان. دواجاریش لە باشوری کوردستان درێژەی بە خەباتی بزووتنەوەی ژنان دا و لە ١٨ ی کانوونی دووەم لە کەرکوک شەهیدکرا.

لەکۆتاییدا هاتووە: "هێرشە قڕکەرەکەی کەرکوک هەوڵێکی ترە بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد. زەلال زاگرۆس هاوکات هاوڕێی ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا)یە کە ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس تیرۆرکرا".