تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) نامەیەکی ئاڕاستەی پەڕلەمانی سویسرا کرد، کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمدا دانیان بە قڕکردنی ئێزدییەکاندا نا.
لە نامەکەدا تاژێ کۆمەڵکوژی و فەرمانەکانی سەر گەلانی میزۆپۆتامای بیرهێناوەتەوە و هاتووە: "باوەڕداری ئێزدی وەک پێکهاتەیەکی دێرینی خاکی میزۆپۆتامییا بە درێژای مێژوو ٧٤ فەرمانیان بەسەردا هێنراوە. فەرمانێک کە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامدرا، فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بوو کە بە شێویەکی دڕندانە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامدرا. ئەو دڕندایەتییەی داعش لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامییدا نموونەی کەمە لە مێژدوودا."
هەنگاوێکی ئەرێنییە
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەم هەنگاوەی پەڕلەمانی سویسرا بە ناساندن و دانپێدانانی جینۆسایدی ئێزدییەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە و داواکراوە لە پەڕلەمانی سویسرا ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت لە دادگایکردنی دەوڵەتی تورک-پەدەکە-داعش و هاتووە: " دەوڵەتی تورک بە پشتگیردانی داعش و پارتی دیموکراتی کوردستانیش (پەدەکە) بە فرۆشتنی خاکی شەنگال و خیانەتەکانی بوونە تاوانباری جینۆساید. دە ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا تێپەڕ دەبێت، هیشتا داعش و تاوانباران کە ئەم جینۆسایدەیان ئەنجام دا، لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا دادگایی نەکراوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە داعش خۆی زیندوو بکاتەوە، زیندووبوونەوەی داعش مەترسی فەرمانی نوێ لەگەڵ خۆیدا دێنێت."
دەوڵەتی تورک هۆکاری زیندووبوونەوەی داعشە
لە دێژەی نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە ئێستادا چەندین شانەی شاراوەی داعش لە عێراق و سووریادا هەیە، وە جەختکراوەتەوە لەوەی دەوڵەتی تورک بە درێژایی هێرشە داگیرکارییەکانی هۆکاری زیندووبوون و پاڵپشتیکردنی داعش و گرووپەکانی دیکە کە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن. لە نامەکەدا تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان باسکراوە و بە درێژەپێدەری عەقڵێتی داگیرکاری داعش دانراوە لە دژی کۆمەڵگە و ژنان.
لە بەردەوامییدا ئاماژە بەوەکراوە لەو جێگانەی دەوڵەتی تورک داگیری کردوون لە دژی گەلان جینۆساید ئەنجام دەردرێت.
تاوانبارانی جینۆساید دادگای بکرێن
لە کۆتایی نامەکەدا تاژێ داوای لە پەڕلەمانی سویسرا کردووە بۆ ڕێگریکردن لە زیندووبوونەوەی داعش و کۆتایهێنان بە جینۆسایدەکان پێویستە چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان پەدەکە و دەوڵەتی تورک لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا دادگای بکرێن و هاتووە: "بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ دەبێت ڕێگری لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت."