تەژەئا لە ئێلح دەسپێکی ٨ ی ئاداری ڕاگەیاند
تەژەئا لە ئێلح بە درووشمی "ژنان بە تێکۆشانی ئازادی، ئاشتی ڕێک دەخەن" دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕاگەیاند.
تەژەئا لە ئێلح بە درووشمی "ژنان بە تێکۆشانی ئازادی، ئاشتی ڕێک دەخەن" دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕاگەیاند.
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ئێلح بە درووشمی "ژنان بە تێکۆشانی ئازادی، ئاشتی ڕێک دەخەن" دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕاگەیاند. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم لقی (Petrol-Îşê) خوێنرایەوە و زۆر کەس بەشداربوون.
ژنان بە جلوبەرگی کوردی بەشداربوون، سەرەتا هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح سۆنگول کۆرکماز قسەی کرد و ڕایگەیاند ژنان دژی هێرشەکانی سەر دەسکەوتەکانیان بەرخۆدان دەکەن و سەردەکەون.
ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئێلح، ئەلیف کیڤرجیک ڕایگەیاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستی دەوڵەت نەتەوەکان و سەرمایەدارەکان دیسانەوە بووەتە ناوەندی جەنگی جیهانیی سێیەم، ئاماژەی بەوە کرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پێشەنگایەتی ژنان شۆڕشێک پێکهات، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەموو هێزە هەژموونخوازەکان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن و دیسان تێکۆشانی ئازادیی گەلان پشتگوێ دەخرێت، لەبەرامبەردا لە ڕۆژئاوا ڕێگەی ڕزگاربوون لە تاریکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دامەزراوە، گوتی: "بێگومان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک ژیانێکی نوێی پێشکەش کردووە. ژنان و کوردان، چارەنووسی خۆیان ڕادەستی دەوڵەت نەتەوەکان ناکەن".
پەرلەمانتاری دەم پارتی زەینەب ئۆدونجو ڕایگەیاند ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە و دژی ئەمە بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "لە قۆناغێکی مێژووییداین، گرنگی فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" دەبینین. دەزانین ئەم فەلسەفەیە، فەلسەفەی ڕزگاری ژنانە. ژنان لە تەواوی جیهان بەرخۆدان دەکەن و ئەم بەرخۆدانە بەردەوام دەبێت".
چالاکییەکە بە هەڵپەڕکێ و هەلهەلە کۆتایی هات.