وەریشە مورادی ١٢ رۆژە لە مانگرتندایە و تادێت دۆخی خراپ دەبێت

وەریشە مورادی کە زیاد لە ١٤ مانگە لە زیندانی ئێڤینی تارانە، ماوەی ١٢ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە.

ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) وەریشە مورادی کە بە تۆمەتی بێ بنەمای "یاخیبوون" و "وەستانەوەی چەکداری بەرامبەر بە دەوڵەت" تۆمەتبار دەکرێت، زیاتر لە ١٤ مانگە لە زیندانی ئێڤیندایە.

وەریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ دا لە سنە لەلایەن "سوپای پاسداران"ەوە رفێندرا و ماوەی دوو هەفتە دەستبەسەرکرابوو. وەریشە مورادی کە لە زیندانی ئێڤینە، تۆمەتێکی رووبەڕوو کراوەتەوە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندڕێت و پرۆسەی دادگاییەکەی بەردەوامە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دۆخی تەندروستی وەریشە مورادی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە مورادی پێشنیازی پزیکەکانی بۆ پشکنین و وەرگرتنی خۆراک لە رێگەی دەرزییەوە رەتکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە هۆی بەرخودانی مانگرتنەوە دۆخی تەندروستی وەریشە مورادی تادێت دەکەوێتە مەترسیەوە.

وەریشە لە نامەیەکدا بەر لە دەستپێکردنی چالاکیەکەی، ئاشکرای کردبوو، کە نەک لەپێناو داواکاری تایبەت و کەسیدا، بەڵکوو لەپێناو بەرگریی لە دادپەروەری و ئازادیدا بەشێوەی ماوە نادیار مان لە خواردن دەگرێت و لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە (١٠ی تشرینی یەکەم)ەوە دەستی بە چالاکییەکەی کردووە.