یەپەژە: تێکۆشانی ئاڤرین دەگەیەنین بە سەرکەوتن

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) یادی شەهید ئاڤرین‌ بەرزڕادەگرێت کە ماوەیەک وەک پەیامنێری ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە کاری کردووە، دەڵێت: "کاردەکەین تا تێکۆشانی هاوڕێمان ئاڤرین بگەیەنین بە سەرکەوتن".

یەپەژە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە شەهیدبوونی خەباتکاری یەژاستار و ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە، شەهید ئاڤرین مەعسوم (بێریڤان مستەفا).

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"چاپەمەنی ئازاد لە ڕۆژئاوا لەگەڵ تێکۆشانی هاوڕێیانی وەک ئاڤرین مەعسوم سەرچاوەی گرت، چاپەمەنی ئازاد قوربانی گەورەی دا بۆ دەرخستنی ڕوخساری ڕاستەقینە و دزێوی تورکیا بە هەموو جیهان، هەڤاڵ ئاڤرین بوو بە یەکێک لەو هاوڕێیانەی شوێنی میراتی غوربەتلی و مامە موسا کەوتن.

هاوڕێ ئاڤرین لە عەفرین و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبوو، ساڵی ٢٠١٤ بڕیاریدا بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات، هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوە بەشدار بوو لە بەگژاچوونەوەی چەتەکانی داعش وەک ژنێکی بەرخۆدەر، هاوڕێ ئاڤرین لەپێناو شۆڕش و گەیاندنی ڕاستی شۆڕش بە جیهان شەڕی دەکرد.

بە هەڵوێستە حەماسییەکەی و خەباتەکەی لە ناوەندنی ڕاگەیاندنی یەپەژە، بوو بە نێوانگری گیانی شۆڕشگێڕی سەردەم. لە دژوارترین کاتەکانیشدا تووشی نائومێدی نەدەبوو، تەنانەت ئەوکاتەش کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر عەفرین. ئەوکاتە هەرچەن لە هاوڕێکانی جیابووییەوە و بریندار بوو، بۆ ماوەی ٢٦ ڕۆژ لەنێو سوپای خوێناوی تورکدا خۆی حەشاردا، پاشان توانی دووبارە بگاتەوە لای هاوڕێکانی. ئەم گیانە بەرز و پیرۆزەی هاوڕێمان ئاڤرین لە دڵیدا چەسپاندی، هەردەم هەڵوێستێکی قارەمانانە و دڵسۆزانەی دەخوڵقاند. هاوڕێمان ئاڤرین بە چەک و کامێراکەی، تێکۆشانێکی مەزنی پیشاندا لە عەفرینەوە تا دەگاتە قۆناغی لەناوبردنی داعش، لە هەموو سەنگەرەکاندا بوو بە زمانی بەرخۆدانی دۆزی تێکۆشانی ڕەوای ئازادی ژنان.

لە ساڵی ٢٠٢٠، هاوڕێمان ئاڤرین بڕیاریدا پەیوەندی بکات بە تەڤگەری ئازادی کوردستان و ڕوویکردە چیا ئازادەکان، ئەو چیایانەی لە مێژەوە تا ئێستا پەناگەی گەلی کورد بوون. هاوڕێمان ئاڤرین بە تێکۆشانەکەی دژی داگیرکەر و تیرۆریستان، سنوورەکانی ئێستەی سڕیەوە، بە گیانە وڵاتپارێزەکەی خۆی بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر ئازادی کوردستان. بە پێداگری و ئیرادەەوە، ویستی بچێتە پاڵ ئەو هاوڕێیانەی بەرخۆدانێکی مێژوویی دەنوسنەوە لە چیا ئازادەکان، لەم بڕیار و ئامانجەوە، گەشتی کرد بەرەو چیا ئازادەکان، هەمان ئەو شوێنەی بەرخۆدانی بێ‌وێنەی تێدا دەکرێت. لەو ماوە کەمەدا، بەشدارییەکی مەزنی هەبوو لە بەگژاچوونەوەی دڕندایەتی سەدەی دەوڵەتی تورک. ئەم سیفەتانەی هاوڕێمان ئاڤرین پێناسەیە بۆ ڕۆحی سەردەم، هاوڕێمان ئاڤرین هەبوونی خۆی گەیاندە مانای ڕاستەقینە لە گۆڕەپانەکانی ئازادی، تا کۆتایی بە حەماسەتەوە درێژەی دا بە کاروانی ئازادی.

ئێمە وەک ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەزیزی هاوڕێمان ئاڤرین مەعسوم و هەموو ڕۆڵە وڵاتپارێزەکانی گەلەکەمان دەکەین، لە کەسێتی ئاڤرین مەعسوم و هەموو شەهیدانی چاپەمەنی ئازاددا بەڵێن دووپات دەکەینەوە بە شوێنکەوتنی ڕاستی، بەڵێن دەدەین ڕوخساری دزێوی داگیرکەر سات بە سات ئاشکرا بکەین.

تا دوا هەناسەمان، بەبێ کەمتەرخەمی و ماندووبوون، کاردەکەین بۆ گەیاندنی تێکۆشانی هاوڕێمان ئاڤرین بە قۆناغی سەرکەوتن".