یەپەژە: ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی، ئەرکی سەرەکیمانە

فەرماندەیی گشتی یەپەژە بەبۆنەی ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمانی ٧٤ هەمینی سەر ئێزدییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستنیشانی کرد، ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ئێزدی بەدیلگیراو، ئەرکی سەرەکییانە.

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بەبۆنەی ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمانی ٧٤ هەمینی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

یەپەژە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە و شەڕڤانانی پارێزەری شەنگال بیردەهێنێتەوە و دەڵێت: "بەڵێنی پاراستنی گەلەکەمان دووپات دەکەینەوە".

یەپەژە جەخت دەکاتەوە، ئامانجی داگیرکەران لەناوبردنی ئایین و باوەڕ و ناسنامە و چاند و زاکیرەی گەلی ئێزدی بوو، دەڵێت: "بەڵام ژن و گەلی ئێزدیمان بە بەرخۆدانێکی مەزن وەڵامی فەرمانەکەیان دایەوە".

یەپەژە ئاماژە بەوە دەکات، پەدەکە بە ئاشکرا گەلی ئێزدی بۆ کۆمەڵکوژی جێهێشت و خیانەتێکی مێژوویی لە گەلی کورد کرد، لەبەرامبەردا شەڕڤانانی یەپەژە-یەپەگە بە ڕۆحی فیداییەوە گەیشتنە چیای شەنگال و ڕێڕەوێکی مرۆییان کردەوە، هاوشانی گەریلاکانی کوردستان ڕێگەیان لە کۆمەڵکوژییەکی مەزن گرت، دەڵێت: "گەلی ئێزدیمان و بەتایبەت ژنان، لەسەر بناغەی پارادایمی جڤاکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان پەروەردە کرد، سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆیان ڕێکخست و هێزی پاراستنی خۆیان دامەزراند. ئەمڕۆ شایەتحاڵی پرۆشەی داڕشتن و هەڵوێستی شکۆداری ژنانی شەنگالین کە ئیتر بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەن بە فەرمانێکی نوێ".

یەپەژە ڕایدەگەیەنێت لە ساڵیادی فەرماندا مناڵێک و ٢ ژنی تری ئێزدیان، دەڵێت: "وەک یەپەژە ڕزگارکردنی ئەو ژنە ئێزدیانەی هێشتا چارەنووسیان نادیارە، بە ئەرکی سەرەکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان دەزانین. بۆ ئەوەش کار و خەباتمان بەردەوام دەبێت".

یەپەژە ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ دیسانەوە لەڕێگەی پەدەکە و فاشیزمی تورکەوە، چەتەکانی داعش لە باشووری کوردستان نیشتەجێ کراون، ئەمەش مەترسییەکی جدییە بۆ گەلی ئێزدی و تەواوی گەلانی عێراق، دەڵێت: "ژنان و گەلی شەنگال، هەروەها تەواوی گەلی عێراق دژی ئەم مەترسییە ڕاپەڕن و سیاسەتی داگیرکاری و لکاندن بە هیچ جۆرێک قبووڵ نەکەن. لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە تەواوی ژنان و گەلەکەمان سیستەمی پاراستنی جەوهەری بکەنە ئەرکی سەرەکی ژیانیان".

یەپەژە فەرمانەکە شەرمەزار دەکات و بەڵێن دەدات ڕزگارکردنی ژنە بەدیلگیراوەکان بکاتە ئەرکی سەرەکی خۆی، دەڵێت: "باوەڕمان وایە ئاستی ڕێکخستن و یەکگرتنی ژنان و گەلان کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری دەهێنێت".