ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر چالاکوانێکی کورددا سەپاند

حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسی کورددا سەپاند.

لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری حوکمی لەسێدارەدانی بە سەر بەرگریکاری مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی، کە ماوەی یەک ساڵە لە ئێران دەستبەسەرە، سەپاند.

پەخشان عەزیزی بە تاوانی ئەوەی گوایە "لە دژی حکومەتی ئیسلامی لە سەرهەڵدانەکاندا چەکی بەکار هێناوە و پێشەنگایەتی چالاکییەکانی کردووە" و "یاخیبوون"، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

یەکەم دانیشتنی دادگایەکەی لە٢٨ی ئایار و ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤بەڕێوەچوو. هەروەها دوایین پرۆسەی دادگاییەکە لە ٢٣ی تەمووزدا بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا سزای سێدارەدان بە سەر پەخشان عەزیزی دا سەپێنرا.

پەخشان عەزیزی لە ٤ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شارۆچکەی هەرازی تاران دەستبەسەر و ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕەوانەی ژووری  ژمارە ٢٠٩ی زیندانی ئەوین کرا کە بە ناوەندێکی تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعاتە.

جێی ئاماژەیە پەخشان عەزیزی لە پرۆسەی دەستبەسەرکردنیدا ماوەی ٤ مانگ بە توندی و بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دراوە. لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی بێبەش بووە. هەروەها ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر و دوای لێپرسینەوە ئازادکران.

پەخشان عەزیزی پێشتر لە ١٦ی کانوونی دووەم ٢٠٠٩ بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی دژی لە سێدارەدان لە تاران دەستبەسەر کرابوو. پاش ئازادبوونی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە سەر ژیانی ژنان لە کوردستان دەکات.

پەخشان عەزیزی، لە دوایین نامەیدا کە لە زیندانی ئەوینەوە ناردوویە دەرەوە، باسی لە ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی کردووە.