ڕۆژن: ٢٥ ی تشرینی دووەم دژی توندوتیژی دەوڵەتی پیاوسالار لە گۆڕەپانەکان دەبین

یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان (ڕۆژن) گوتی: "لە ٢٥ـی تشرینی دووەم، بۆ گەیاندنی دەنگ، وتە و داواکارییەکانی ژنان بە کۆمەڵگە و هەروەها دژی توندوتیژی دەوڵەتی پیاوسالاری لە گۆڕەپانەکان دەبین".

یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان (ڕۆژن) بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: " لە قۆناغێکداین کە لە کوردستان و جیهاندا تێکۆشانی ژنان دژی توندوتیژی دەوڵەتی پیاوسالاری گەیشتووەتە لوتکە، سیستەمی باوکسالاری دوژمنی ژن، دەیەوێت ئەم تێکۆشانە ڕابگرێت، توندوتیژی فرەلایەن وەک چەکێک دژی ژنان بەکاردەهێنێت و ئامانجی ئەوەیە کە ژنان لە لێگەڕین و تێکۆشانی ئازادیی دوور بخاتەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە لە ساڵانی دواییدا لە بوارە پیشەییە جۆراوجۆرەکاندا توندوتیژی دژی ژنان زیاتر بووە، دەڵێت: " یەکێک لەو پیشانە، ڕۆژنامەنووسییە، ڕۆژنامەنووسانی ژن داواکاریی، ماف، دەنگ، وتە و خەباتی ژنان زیاتر دەخەنە بەرچاو، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسانی ژن بکرێنە ئامانج، سیستەمی دەسەڵاتی باوکسالاری نایەوێت سیاسەتەکانی دژی ژنی لە هیچ بوارێکدا ئاشکرا ببێت، بۆیە بە تایبەتی هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم بانگەوازە کراوە: " وەک ڕۆژن، لە ٢٥ـی تشرینی دووەم بۆ گەیاندنی دەنگ، وتە و داواکارییەکانی ژنان بە کۆمەڵگا و هەروەها دژی توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوسالاری لە گۆرەپانەکان دەبین."