ژنان لە گۆڕەپانەکان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز دەکەنەوە

لە چوار چێوەی چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەمدا لە شارەکانی باکووری کوردستان ژنان هاتنە گۆڕەپانەکان، لە دژی بڕیاری قەدەغەکردنی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لایەن پارێزگاری ئامەدەوە، ڕێپێوانیان کرد.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی  جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنان لە گەلێک شار ڕژانە شەقامەکان.

ئامەد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەسەرپەرشتی گروپی پاسکیلسواری ژنانی ئامەد، پێشبڕکێیەکی پاسکیلسواری ڕێکخرا. ژنان لە بەردەم لقی ژمارە یەکی سەندیکای کارمەندانی پەروەردە و زانستی ئامەد (ئەگیتەم - سەن) لە ناوچەی پەیاس کۆبوونەوە و پانکارتی "دەستان لە کارەکەم، ناسنامەکەم، جەستەم دوور بخەنەوە"یان هەڵگرت.

وتەبێژی پاسکیلسوارانی ژنانی ئامەد قەدرییە کایا ڕایگەیاند، لە سایەی تێکۆشان و هەوڵی ژنان، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرانسەری جیهان و لە گۆڕەپانەکان دەنگیدایەوە.

 پاش ڕاگەیاندراوەکە ژنان لە پەیاسەوە تاوەکو پارکی کۆشویۆلو پاسکیلیان لێخووڕی.

ڕحا

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، مەجلیسی ژنانی دەم پارتی، دەبەپە، و مەجلیسی دایکانی ئاشتی دیلۆک لە چوارچێوەی ٢٥ تشرینی دووەمدا چوونە سەردانی ئێشکگری خەلفەتی کە لە دژی قەیوم دەستی پێکرد.

ژنان لە بینای دەم پارتی خەلفەتی کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هاوسەرۆکانی شارەوانی خەلفەتی سانیای بایرام و محەمەد قەرەیلان و گەلێک هاوڵاتی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. هاوسەرۆکی دەم پارتی دیلۆک، زۆزان ئایهان وتی: “دەمانەوێت بژین، نەک بکوژرێین. دەمانەوێت بەرخۆدان بکەین و بژین. ئێوە ناتوانن  بە گرتن، ڕاگواستن و دەستبەسەراگرتن لە تێکۆشانی شەرەفمەندانەمان دوورمان بخەنەوە. دەنگمان بەرز دەکەینەوە".

ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات. پاشان ژنان بەرەو بینای گەمارۆدراوی شارەوانی ڕێپێوانیان کرد. بە درێژایی ڕێپێوانەکە، ژنان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"یان وتەوە.

هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی سانیە بایرام لە بەردەم بینای شارەوانی گەمارۆدراو لە ڕایگەیاندراوەکەدا وتی:  "هەرگیز دەستبەرداری مافەکانمان نابین". هاوسەرۆکی شارەوانی محەمەد قەرەیلان تیشکی خستەسەر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و گوتی: “ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیان و ڕێکخستنە".

ڕاگەیاندراوەکە بە چەپڵە و هەلهەلە کۆتایی هات

قەرس

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی قەرس و ناوچەکانی، لە پێش بینای پارتەکە ڕاگەیاندراوێکیان

خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارتی "دژی توندوتیژی پیاو-دەوڵەت سەرهەڵدان دەکەین، پێکەوەین و پێداگرین لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان" هاوسەرۆکانی شارەوانی دیگۆر، قازمخان، پازارچخە، ئەندامانی مەجلیسی شارەوانییەکان و  گەلێک ژن بەشداربوون. هاوسەرۆکی شارەوانی قازمخان گونەر هاتای ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەوان هەمیشە بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی زیهنییەتی پیاوی باڵادەست لە گۆڕەپانەکانن.

گونەر هاتای لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “داوای حسابی  هەر ژنێک دەکەین کە کوژرا و ون بووە و ناچار بووە خۆی کوشتبێت.  دەسەڵات ئەوانەی کە تاوانباران سزا نادات، هەوڵ دەدات کودەتا بە سەر خەباتی ژنان بکات. ئێمەی ژنان دەزانین توندوتیژی دژی ژنان ئایدۆلۆژی و سیاسییە. تێکۆشانمان دژی سیاسیەتی ڕەگەزپەرستی دەسەڵات بەردەوام دەبێت. دژی سیاسەتی توندوتیژی و ڕەنجخۆری و  کوشتن و شەڕی تایبەت و دەوڵەت، 25 ی تشرینی دووەم له گۆڕەپانەکان دەبین”.

ڕاگەیاندنراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

بەدلیس

بە بۆنەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، کۆمەڵەی هونەری ئاریان لە شاری بەدلیس پێشانگایەکی هونەری ڕێکخست. پێشانگاکە بەرهەمی ژنانی هونەرمەندی تێدا پێشکەش کرابوو، دوای ماوەیەک لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێکرا.

بڕیار بوو پێشانگاکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، بەڵام لە هەندێک شوێندا پۆلیس ڕێگری کرد. بە بانگەشەی ئەوەی کە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە. دوو پەروەردەکار دەستبەسەرکران. مامۆستای هونەری کۆمەڵەی هونەری ئاریان زۆزان بۆر و کەسێکی تر کە ناوی نەزانراوە برانە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوچەکە.

جولەمێرگ

ناوەندی مافەکانی ژنانی بارۆی نووسینگەی یاسایی "هێڵی ئەلو توندوتیژی" دامەزراند. سەنتەری مافی ژنان ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن، دەتوانن ٢٤ کاتژمێر بگەنە نووسینگەی یاسایی و لەگەڵ بەرپرسان کۆببنەوە و خزمەتگوزاری وەربگرن. سەنتەرەکە پاڵپشتی یاسایی پێشکەش بە ژنان دەکات و ڕێنمایی و پاڵپشتی دەروونی پێشکەش دەکات.

ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەرەکەوە بکەن بە پەیوەندیکردن بە ژمارەی "٠٥٣٨٨٧٧١٠٣٠".

ئێلح

ناوەندی مافی مرۆڤی نووسینگەی یاسایی ئێلح دروشمی "پێکەوە ڕێپێوان دەکەین بۆ ئەوەی بڵێین نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان؟" لە دادگاوە بۆ پارکی باتمان ڕێپێوانێکی ئەنجامدا. پێش ڕێپێوانەکە ڕاگەیاندراواێک خوێنرایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا دروشمی "رێککەوتنی ئەستەنبوڵ ژیان دەبەخشێت"، "ژیانێکی بێ توندوتیژی بنیات دەنێین"، "ئێمە ناترسین" و "ئێمە یەکسانیمان دەوێت" وترا. هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێدەنگ نابین، ناترسین، گوێڕایەڵی نابین" بەرزکرانەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا پارێزەر ئایشەنور دەمیر چەلیک قسەی کرد و ڕایگەیاند: "تاوانەکانی دژی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە". بەداخەوە ئەو زمانە ڕقاویەی کە بەکاردێت، دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵانی کچ. دەزانین توندوتیژی دژی ژنان سیاسییە، بۆیە دەبێت ئاشتی کۆمەڵایەتی پێشبکەوێت. وەک ژنان مافەکانی مرۆڤ دەپارێزین، تێکۆشانمان بۆ ژیانێکی بێ توندوتیژی بەردەوام دەبێت”.

دوای ڕاگەیاندنراوەکە ، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێدەنگ نابین، ناترسین، گوێڕایەڵی نابین" ڕێپێوانیان کرد.

ئیستەنبوڵ

کۆمەڵەی توێژینەوەی کوردی بە دروشمی "بەرەو ٢٥ی تشرینی دووەم" لە بینای کۆمەڵەی فاتیح سیمینارێک بە ناونیشانی "چۆن پێناسەی توندوتیژی بکەین" و وۆرکشۆپێکی "کاری دەستی" ئەنجامدا.

لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا گەلێک کەس بەشدارییان لە سیمیناری هۆشیاری توندوتیژی و وۆرک شۆپی کاری دەستی کرد. ئیسرا کەهرامان ڕاوێژکاری دەروونناسی وۆرک شۆپەکەی بەڕێوەبرد.

ئەوانەی کە بەشداری وۆرک شۆپەکە بوون، یەک بە یەک خۆیان ناساند. ئەسرا قارەمان ڕایگەیاند کە توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە، سیاسەتەکانی توندوتیژی لە تورکیا لە زیادبووندایە.

دوای سیمینارەکە، ژنان پێکەوە وۆرک شۆپێکی کاری دەستییان ئەنجامدا.

مەلەک کۆمورجو وۆرک شۆپەکەی بەڕێوە برد. ژنان بە هێمای فۆلکلۆری کوردی، شاماران، تاووس، زەند ئاڤێستا، فەرشی فۆلکلۆرییان دروست دەکرد.

پاشان چالاکییەکە کۆتایی هات.