ژنانی کۆبانێ: فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' سیستەمی دەسەڵاتداری هەڵدەوشێنێتەوە

ژنانی کانتۆنی فورات ڕایانگەیاند، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆتایی بە سیستەمی دەسەڵاتداری دەهێنێت، ژنان بەو ڕۆحیەتەوە ڕێکخستن و یەکڕیزیی خۆیان بۆ بەدی هێنانی ئازادی بەهێزتر دەکەن.

دوو ساڵ بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن 'پۆلیسی ئەخلاقی' دەوڵەتی ئێرانەوە تێدەپەڕێت. دوای کوشتنی ژنە گەنجی کورد ژینا ئەمینی، بەهەزاران کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی سیستەمی دەسەڵات ڕاپەڕین.

ژنانی کۆبانێ لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، ئەو دروشمەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزکرایەوە، بووەتە سەرچاوەی ئازادی بۆ هەموو ژنانی جیهان.

'ژنان بە دروشمی،"ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی سیستەمی پیاوسالاری ڕاپەڕین'

زۆزان بەکر ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فورات لەو بارەیەوە وتی: "بەهەزاران ژن بەرامبەر بە سیستەمی دەسەڵاتداری ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوای ئازادییان کرد. زۆزان وتیشی، لە ئەنجامی ئەو ڕاپەڕینەدا بەسەدان ژن دەستبەسەر و بە دیل گیران. زۆرێکیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. سیستەم هەمیشە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگا و ژناندا بسەپێنێت. بەڵام ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەڵامی سیستەمیان دایەوە و ڕایانگەیاند کە سیستەمی پیاوسالاری بەو عەقڵیەتەوە بە ئامانج ناگات. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سەریانهەڵدا. هەروەها تێکۆشانی ژنان سەرچاوەی خۆی لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرێت."

' ئازادی قوربانیدانی زۆری دەوێت'

هەروەها نادیە حسۆ، ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری شارۆچکەی شێرانێ، ڕایگەیاند کە سیستەمی دەسەڵاتدار و مرۆڤکوژ هەمیشە دەیەوێت ژنان وەک کۆیلە بژین و داوای مافەکانیان نەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە دژی ئەو عەقڵیەتی دەسەڵات ڕاپەڕین. هۆشیاری ڕێکخستنی و هاوکاری لەناو ژناندا زیادی کرد. بەدیلی ئازادی زۆر قورسە. ژینا ئەمینی یەکێکە لەو ژنانەیە کە ناوی خۆی لە مێژووی بەرخۆدانی ژنان بە خوێنی بۆ هەمیشە زیندوو کردەوە. هاوکات ژینا بوو بە ئامرازێک بۆ ئەوەی هەموو ژنانی جیهان ڕاپەڕن و باسی مافەکانیان بکەن. تێکۆشانی ئێمە وەک ژنان هێندەی تر لە دژی سیستەم بەهێزتر بەردەوام دەبێت. ئێمە بە ڕۆحی ساکینە و هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ سەردەکەوین."

'سیستەمی دەسەڵات لەهێزی بەڕێکخستنی ژنان دەترسێت'

سەمیرە حەلاج، وتەبێژی ماڵی ژنان، ڕایگەیاند بەسایەی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادیی' بەهەزاران ژن رژاونەتە مەیدانەکان و داوای مافەکانیان دەکەن، بۆیە سیستەمی دەسەڵات لە هێزی بەڕێکخستن کراوی ژنان دەترسێت و بۆیە بەردەوام دەیکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات. ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە کە لە کەسایەتی ژینا ئەمینی دا سەریهەڵدا، لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆەو سەرچاوە دەگرێت. ئێمە بەم ڕۆحیەتەوە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."

هەروەها عایشە ناسر هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کانتۆنی فورات، ڕایگەیاند، ژنە گەنجی کورد ژینا ئەمینی کە بەهۆی دەرکەوتنی قژیەوە، لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دڕندانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە کوژرا، بوو بە هێمای تێکۆشان و سەرهەڵدان دژی سیستەمی دەسەڵاتدار و وتی: "ژنان لە هەموو لایەکی جیهانەوە بە یەک دەنگ دژی ئەم دڕندەییە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' سەریان هەڵدا و وتی ئێمە بەو ڕۆحەوە ئازادی خۆمان بەدەست دەهێنین."