ژنانی مەخمور دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان کۆبوونەوە

ژنانی مەخمور بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار گردبوونەوە بڕیارەکانی دەوڵەتی ئێرانیان بۆ لەسێدارەدانی ژنان شەرمەزار کرد.

دەوڵەتی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پارێزەرانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ژن پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەمەدی دەرکرد، ژنان لە کەمپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی (مەخمور) بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار کۆبوونەوە ئەم بڕیارەیان شەرمەزار کرد.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی عشتار، یاسەمین ئیشلەک ڕاگەیاندراوی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و گوتی: "سیاسەت و مامەڵەی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر ژنانی شۆڕشگێڕ و بەتایبەتی ژنانی بزووتنەوەی ئازادیی، تا دێت توندتر و دڕندانەتر دەبێت، لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، ئێستا زیندانەکان پڕن لە ژنی هونەرمەند، ڕۆشنبیر، شۆڕشگێڕ و چالاکوان، کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و سێکسی دەبنەوە".

هەروەها بانگەواز لە ژنانی ئازادیخواز کرا دژی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ژنان تێکۆشان فراوان بکەن.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.