بانگەوازی دژی توندوتیژییەکانی دەوڵەت
پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد (داکاپ) وگرووپی تێکۆشان دژی توندوتێژی لە ئامەد، ڕاگەیاندراوێکیان دژی پەرە سەندنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بڵاو کردەوە. پنار ساکک تەکین هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد و هاوسەرۆکانی شارەوانی یەنیشەهیر، سور، چنار و زۆربەی ڕێکخراوەکان تێیدا بەشداریان کرد.
لە لایەن ڕۆسا ئەسرا چیچەک، ئەندامی کۆمەڵەی ژنان، راگەیاندراوەکە خوێندرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " کوشتنی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، هێشتا زۆرێک لە ئافرەتان سەرەڕای بڕیاری پەنادانیان لە شوێنە پارێزراوەکاندا، بە شێوەیەکی گوماناوی بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە، کاتێک باس لە ماف و ژیانی ژنان دەکرێت، هەموو میکانیزمەکان هیچ کاریگەرییان نییە. ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و ئێمە باش دەزانین. سیاسەتەکانی دەوڵەت بەپێی ناوچەکان جیاوازە.
چیچەک لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تێکۆشانی ئێمە لە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتە. بۆیە بانگی هەمووان دەکەین. ئێمە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە و ئەم سیاسەتانە پووچەڵ دەکەینەوە. تاوانەکانی دژی ژنان لە ئاستی کۆمەڵکوژیدایە. ئێمە دەستبەرداری ماف و ئازادییەکانمان نابین. هیچ کات ئەو ژنانە لەبیر ناکەین کە لە دژی توندوتیژی وەستانەوە و گیانیان لەدەستدا."