ئەم پەیامە کە رۆژی شەممە یەک رۆژ دوای رۆژی جیهانی ژنان لە هەژماری ئینستاگرامی نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن جوانا سنە (وەریشە مورادی)، پەخشان عەزیزی، نێرگس محەمەدی، سپێدە قولیان، ڤیدا رەبانی، گوڵرۆخ ئیرایی، نەسیم سوڵتانبەیگی، ئانیشا ئەسەدوڵاهی، مەهوەش سابت، فەریبا کەمال ئابادی و مەحبوبە رەزاییەوە واژۆکرا.
لە پەیامەکەی ئەو ژنە زیندانیە سیاسیانەدا هاتووە، "کۆمەڵە یاسا و کردەوە دژە ژنیەکان بە جۆرێک رەهەند ئاشکرا و شاراوە و هەروەها چەشنە سروشتێکی سیستماتیکیان هەیە کە لە تان و پۆی کۆمەڵگای هەنوکەییشدا تەنراوە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ئێران و ئەفغانستان لە سایەی دەسەڵات لە رادەبەدەر سەرکوتکار و دواکەوتووەکاندا شێوە و فۆرمێکی تایبەتی وەرگرتووە".
ئەو ژنە زیندانییە سیاسیانە لەو بڕوایەدان کە بۆ خستنەڕووی ئەم "کۆمەڵە یاسا دژە ژنەکان" و ئەم "شێوە و فۆرمە تایبەتە" پێویستە کە هەمووان لە کۆمەڵگادا بە چەمکی "ئاپارتایدی رەگەزی" ئاشنا بکرێن.
روونیشیکراوەتەوە کە "چەمکی ئاپارتایدی رەگەزی ئاماژەیە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی گروپێک بە سەر گروپێکی دیکە و هاوکات سەپاندنی هەڵاواردنی چڕ و سیستماتیک لە رێگەی یاسا و دەسەڵاتەوە بە سەر ژنان و کەمینە رەگەزییەکان و کۆی پێکهاتەی رژێمە دواکەوتووە دەسەڵاتدارەکان وێنا دەکات".
ئەو زیندانیە سیاسیانە جەختیان لەوەشکردووەتەوە، کە "روونکردنەوەی چەمکی ئاپارتاید و شیکردنەوەی ئەو چەمکە رۆڵی گرنگی لە رەوتی تێکۆشان دژی هەڵاواردن و ستەمدا دەبێت".
ئەم پەیام و راگەیەندراوەی ژنانی زیاندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤینەوە بە بۆنەی ٨ی مارس وەک سەرەتای راگەیاندنی هەڵمەتێک بۆ بە تاوان ناساندنی ئاپارتایدی رەگەزی دادەنرێت.
دوابەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢ و فراوانبوونی جوڵە و چالاکی ژاننی چالاکوان، دەوڵەتی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر ژنانی چالاکوان چڕکردووەتەوە و لەو چوارچێوەدا چەندین بریار و یاسای وەک "گەڵاڵەی حیجاب و داوێنپاکی" پەسەند کردووە و سزای قورسی بۆ ئەو ژنانە بڕیوەتەوە کە یاساکانی حیجاب پێشێل دەکەن.
هـ . ب