ڕۆژین: لە دژی سێدارەدان بوەستینەوە

کۆمەڵەی ڕژنامەوانانی ژن هەڵوێستییان بەرامبەر لە سێدارەدانەکانی ئێران پیشاندا و وتییان: "بانگەوازی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخستنەکانی ژن دەکەین، بۆ ڕاوەستاندنی سزای لە سێدارەدان هەنگاو هەڵگرن."

بانگەوازی لە دژی لە سێدارەدان

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژن (ڕۆژین) پەیوەست بە بریاری لە سێدارەدانەکانی دەوڵەتی ئێران، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوەی بڵاوکردەوە و بانگەوازی هەڵوێست وەرگرتنی کرد لە دژی سێدارەکان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بە هۆی سیاسەتەکانی شەڕەوە کە زیاتربوون، کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک پێویستی بە هۆشیاربوونەوە هەیە. گوشاری ڕژێمە تۆتالیتارەکان لەسەر ڕۆژنامەوانان زیاتر بوون."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە یەكێک لەو وڵاتانەی کە گوشار و دەستگیرکردنی تێدایە، وڵاتی ئێرانە و وتییان: "دوای سەرهەڵدانەکانی 'ژن ژیان ئازادی' لە ساڵی ٢٠٢٢دا، هێرشەکان لەسەر ئازادی زیاتربوون، هەر لەو کارانەی ڕژێمی ئاخوندەی ئێران لە ٢٣ی تەمموز سزای لە سێدارەدانی بۆ ڕۆژنامەوان پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە موحەمەدی دەرکرد."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە سەرۆککۆماری نوێی ئێران درێژە پێدەری سیاسەتەکانی لە سێدارەدانە.

'هەنگاو بگریینە بەر'

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم بانگەوازییە کرا:

"وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژن (ڕۆژین) ئەوە دوپاتدەکەینەوە پێویستە وەک ڕۆژنامەوانانی ژن لە دژی سیاسەتی لە سێدارەدان بووەستینەوە، لە تێکۆشان و خواستەکانمان پاشگەزنەبینەوە. وە هاوهەڵوێستی هەموو ئەو ژنانەین کە بۆ ئازادی لە تێکۆشاندان. لە کەسێتی پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەمەدیدا سڵاو لە چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی ژن دەکەین، کە لەدژی گوشارەکانی دەوڵەتانی فاشیزم و چەوسێنەر سەریان دانەنواند، بۆ ڕاگەیاندی بەرخۆدانەکانی ژن بە ڕای گشتی قوربانی مەزنیان داوە. بانگەوازی لە هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخستنەکانی ژن دەکەین بە زانابوونەوە بە 'تێکۆشان لە دژی لەسێدارەدان ئەرکێکی مرۆڤانەیە' هەنگاوبگرنەبەر بۆ ڕاوەستاندنی سزای لە سێدارەدان."