ئاکۆ جەلیلیان نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە کرماشان دەستگیرکرا

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی نووسەر و لێکۆڵەری کورد ئاکۆ"عەباس" جەلیلیان و دەستگیریان کردووە.

شەوی ڕابردوو لە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری کرماشان، هەڵیلانکوتاوەتە سەر ماڵی نووسەر و لێکۆڵەری کورد، ئاکۆ(عەباس) جەلیلیان دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستگیریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە هەڵکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە، دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلی تایبەتی و کۆمپیوتەر و دەستنووسەکانی "ئاکۆ" جەلیلیان.

بەپێی هەواڵەکە، دراوسێیەکانی ئاکۆ ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بە لێدان ئەو نووسەرەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئاکۆ(عەباس) جەلیلیان، تا ئێستاچەند کتێبێکی بەناوەکانی" وشەنامەیەکی کوردی" ڕۆمانی "ئاگر مەلوچ"، "فەرهەنگنامەی کوردیکا"، "تاریکخانە" و چەند کتێبێکی دیکەی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

ئەم نووسەرە کوردە خەڵکی شاری "شاباد" لە پارێزگای کرماشانە، لە ساڵەکانی ۲۰۰۸ بۆ ۲۰۰۹ بۆ ماوەی ۱٥ مانگ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ وڵاتی دژبەر" لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە زیندانی کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ، سێ چالاکوانی شاری "شاباد" بە ناوەکانی "سهراب مورادی، داریوش مورادی و ئەحمەد بەساتی" بە تۆمەتی"ڕێکخستنی خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ز.ش