باشاران: دەبێت پۆلیس حەد و سنووری خۆی بزانێت!

عایشە ئاجار باشاران پەرلەمانتاری هەدەپە ناڕەزایەتیى لە دژی هێرشی پۆلیسی تورک بۆ سەر رەمزییە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپە و ژنان نیشاندا و بۆ پۆلیسەکان وتى "حەد و سنووری خۆتان بزانن. ئێوە ناتوانن ئێمە بترسێنن".

عایشە ئاجار باشاران ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى هەدەپە و وتەبێژی کۆمسیۆنى ماف و مافەکانى مرۆڤ و پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى هێرشی پۆلیس بۆ سەر رەمزییە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

"ئاکەپە لە چالاکیى فیکەلێدانیش دەترسێت"

لە راگەیاندراوەکەى باشاران دا هاتووە:

"رەمزییە تۆسون پەرلەمانتاری ئامەدمان و ژنان خواستیان لە ئامەد بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگمان، لە چالاکیى مانگرتندایە، چالاکییەک ئەنجام بدەن، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکییەکە. دەسەڵاتى ئێستا تەنانەت لە چالاکیى فێکەلێدانی ژنانیش دەترسێت. بەهۆی 'زمانى نفرەت و رقاویى' دەسەڵاتەوە هێزە ئەمنییەکان هێرشی لەو جۆرە ئەنجام دەدەن".

باشاران بانگی لە سەرۆکى پەرلەمان کرد، بۆ پاراستنى مافى ئەندامانى پەرلەمانەکەى بکەوێتە جوڵە و بەرگرییان لێ بکات.

باشاران بە پۆلیس و سەربازەکانى وت "حەد و سنووری خۆتان بزانن".

باشاران وتیشی "کاتێک لە سیاسەتەدا بە بنبەست دەگەن و تەنگاو دەبن، بە هێزی ئەمنی و توندوتیژانە دەست دەکەن بە پەلاماردان. بەڵام دەبێت ئەوە بزانن، کە ژنان لێتان ناترسن".

ر.م