چاوپێکەوتن لە گەل ئوجالان و عومەر خەیری کۆنار و هامیلی یلدرم و ڤەیسی ئاکتاش کە لە یەک گرتووخانەدان، بە شێوەیەکی بێبنەما رێگری لێدەکرێت. بە پێی زانیارییەکان، سزایەکی نوێی دیسیپلین بەسەر ئەو چوار گیراوە سیاسییەدا سەپێنراوە.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە ئەو سزایە بەسەر ئوجالان و سێ گیراوە سیاسییەکەی دیکەدا بڕاوەتەوە.
ئیبراهیم بیلمەز کە یەکێکە لە پارێزەرانی ناوەندی یاسایی سەدساڵ تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لە ١٠ی تەمووزەوە بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکەی ئیمرالی، سزای دیسیپلینی بە سەر ئوجالان و گیراوانی دیکەی سیاسیدا بڕیوەتەوە.
بیلمەز رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی ماوەی ئەو سزایە کۆتایی پێهات، لە ٢١ی تشرینی یەکەم هەمان سزا دووبارە بەسەریاندا بڕاوەتەوە.
بە پێی لێدوانەکەی پارێزەر بیلمەز، جگە لە ئوجالان، گیراوانی دیکە ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر ئەو سزایە دەربڕیەوە و وتی:" چونکە ئوجالان دەزانێت ئەم سزایە، هەڵوێستێکی سیاسییە، ئەویش هەڵوێستێکی سیاسی پیشانداوە و لە بەرامبەر سزاکە ناڕەزایەتی دەرنەبڕی."
بیلمەز هەروەها وتی:" لە ٢٩ی تشرینی دووهەم ئەوان بەو سزا دیسیپلینەیان زانیوە. ئێمە ناڕەزایەتیمان لە بەرامبەر ئەو سازایەی سەر ئوجالان و گیراوانی دیکەی سیاسی دەربڕی، بەڵام ناڕەزایەتییەکە پشتگوێ خراوەو رەدکرایەوە."
پارێزەر بیلمەز هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم سازا نوێیانەی بەسەر گیراواندا دەسەپێنرێن، ماوەیەکی زۆرە لێیان دەشاردرێتەوە، بۆیە ئەوان ئاگاداری وردەکاری و ناوەڕۆکی سزاکان نین.
لە کۆتایی قسەکانیدا بیلمەز رایگەیاند، سزای دیسیپلین تەنها رێگرە بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ خێزان و کەسوکاری گیراوان و بە پێی یاسا ئەو سزایە رێگر نییە بۆ ئەوەی پارێزەران چاوپێکەوتیان لەگەڵدا ئەنجام بدەن و وتی:"گیراوان کە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێنراوە، تەنها ناتوانن لەگەل کەسوکاریان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، سزاکە لەدژی چاوپێکەوتنی پارێزەران نییە."
ز.ش