دوای ئەوەی لە ھەفتەی ڕابردوودا دانیشتوانی ناحیه‌ی شیلادزێی سه‌ر به پارێزگه‌ی دھۆك دژی ھێرشەكانی ڕژێمی توركیا بۆ سه‌ر خاكی باشووری كوردستان ڕاپه‌ڕین و ژمارەیەك ھاوڵاتیی سیڤیل بوونه قوربانی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كاربه‌ده‌ستانی پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) گه‌لی ئازادیخوازی بادینانیان به ئاژاوه‌گێڕ دانا و چەندین رۆژنامەوان و چالاكی مەدەنییان ده‌ستگیر كرد. ھاولاتییانی ناوچه‌ی برادۆست ئیدانه‌ی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێم و په‌ده‌كه دەكەن و ده‌ڵێن: ئه‌و هه‌ڵوێستانه خزمەتی دوژمنان دەكه‌ن.
ڕاوكه‌ر مەجید دانیشتووی ناوچه‌ی برادۆست به ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی گوت: «وەک هاونیشتیمانییەک ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە هەڵوێستێکی نانیشتیمانی دەزانم و دەچێتە خزمەتی دوژمنانی کورد. ھەڵوێستەكە شەرمەزار دەكەم. پێمان سەیرە حكوومەتی ھەرێم لێدوانی وا دەدات، لەكاتێكدا رۆژانە فرۆكەجەنگییەكانی توركیا ھاوڵاتیی مەدەنی شەھید دەكەن. دەبوایە حكوومه‌ت ده‌ستخۆشی لە خۆپێشاندەران بكات نەك دژایه‌تییان بكات.»
هاوڵاتییه‌كی دیكه بەناوی محمد سابیر گوتی: «به‌ڕاستی ئەو ھەڵوێستانەی حكوومه‌تی باشووری كوردستان شەرمەزار دەكەم، پێویستە حكوومەتی هه‌رێم سوپای توركیا لە كوردستان بكاتە دەرەوە نەك به پەكەكە بڵێت بچێته ده‌ره‌وه.»
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وه جاری یه‌كه‌م نییه هه‌ڵوێستی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه بێت. گوتی: «تا ئێستا حكوومەتی ھەرێم ھیچ ھەڵوێستێكی نەبووە لە بەرامبەر ھاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی ھەرێم، بەردەوام لێدوان بۆ لایەنگیری ده‌وڵه‌تی داگیركەر دەدات، ئێمەش وای دەبینین راپەرینی خەلكی شیلادزێ زۆر لەجێی خۆی بوو، ھەموو كاتێكیش پشتیوانی لێ دەكەین. ئاواتەخوازین لە ناوچەی برادۆستیش ئەو رۆژە ببینین كه ڕاپه‌ڕین دژی رژێمی داگیركەر ئەنجام بدرێت.»
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە سوپای توركیای داگیركه‌ر هێزه‌كانی هێناوه‌ته سنووری ناوچه‌ی برادۆست و به به‌رچاوی هێزه‌كانی په‌ده‌كه و حكوومه‌تی هه‌رێم بنكه و باره‌گه‌ی له ناوچه‌كه داناوه. هه‌روه‌ها به‌هۆی بۆردومان و تۆپبارانی سه‌ر ناوچه‌كه، زیانی ماددی بە گوند و لادێیه‌كانی ناوچەكە گه‌یشتووه.
s.m