دایکانی شەممە: ساڵی ٢٠٢٠ با ببێت بە ساڵی داد و یەکسانی

دایکانی شەممە لە چالاکیی هەفتانەیاندا بانگەوازی بەرفراوانکردنی تێکۆشانیان کرد و رایانگەیاند، ساڵی ٢٠٢٠ با ببێت بە ساڵی داد و یەکسانی.

دایکانی شەممە و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی دیکە کۆ بوونەوەو داواکەیان دووبارە کردەوە بۆ ئاشکرابوونی چارەنووسی ونبووەکان، جەختیشیان کردەوە بکوژەکان دادگایی بکرێن.

دایکانی شەممە لە ٧٧١مین هەفتەی چالاکییاندا، بە نیاز بوون لە گۆڕەپانی گالاتاسارای شاری ئەستەنبول کۆ ببنەوەو لێدوانێک بڵاو بکەنەوە، بەڵام وەکو هەموو جارێک رووبەرووی رێگریی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە. دایکانی شەممە دوای رێگرییەکانی پۆلیس، چالاکییەکەیان گواستەوە بۆ بەردەم بارەگای کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-ی لقی ئەستەنبول و لەوێ لیدوانێکیان بڵاو کردەوە.   

لە چالاکیی ئەم هەفتەیەی دایکاندا، ئۆیا ئەرسۆی و موسا پیر ئۆغلو ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و سەزگین تانری کۆلۆ ئەندام پەرلەمانی جەهەپە بەشدار بوون و پشتگیریی داوای دایکانییان کرد. سەبلا ئارجان لەسەر ناوی کۆمیسیۆنی بێسەروشوێن کراون-ی سەر بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-ی ئەستەنبول لێدوانەکەی خوێندەوە. لە چالاکیی ئەمجارەدا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە کرا کە دوای کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بێسەروشوێن کراون.

ئارجان سەرەتا، هیوای خواست ساڵی نوێ بۆ هەموو کەسێک ببێتە ساڵی داد و یەکسانی و وتی:"ئێمە دەزانین بۆ ئەوەی داواکانمان جێبەجێ بکرێن، پێویستە قەیرانی داد و یەکسانی لە تورکیا کۆتایی پێبێت. بۆیە لە دژی هەموو رێگرییەکان، تێکۆشانمان بۆ داد و یەکسانی بەردەوام دەبێت. ئێمە واز لە داواکانمان بۆ بەدیهێنانی ماف و داد و یەکسانی ناهێنین."

ئاراج بانگەوازی بۆ بەرپرسانی دەوڵەت کرد و داوای کرد کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و وتی:" بێسەروشوێنکردنی خەڵک، بە پێی یاسای سزاکانی تورکیا، "تاوانی دژی مرۆڤایەتییە". با کۆتایی بە سزانەدانی ئەو بەرپرسانەی دەوڵەت بهێنرێت کە بەپرسن لە بێسەروشوێنبوونی هاوڵاتییان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا. ئێمە داواکارین ئەو کەسانە، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن. هەوەها داوا دەکەین تورکیا ئەو پەیمانە نێودەولەتییە ئیمزا بکات کە تایبەتە بە " بێسەروشوێنکردن لە کاتی دەستگیرکردندا". ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بانگەوازییەک ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار دەکەین کە بە پێی ئەرکە سیاسییەکەی، داواکانمان لەبەر چاو بگرێت و ئەرکەکەی لە بەرامبەرمان جێبەجێ بکات."

داواکاری ساڵی نوێ: با چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت

دواتر سوڵتان تاشکایا هاوسەری حوسێن تاشکایا کە لە ٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەی سیوەرەگی شاری روحا بێسەروشوێن کرا، قسەی کرد و رایگەیاند مەبەستیان لە هاتنیان بۆ ئەو چالاکییە، ئاشکراکردنی بێسەروشوێنکراوەکانیانەو وتی:" ئێمە هیوادارین لەم ساڵەدا، چارەنووسی ونبووەکانمان ئاشکرا بکرێت و بکوژەکان دادگایی بکرێن. با ئەم داوایانەمان جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی ئیدی نەچینە سەر شەقامەکان. تا ئەو رۆژەی ونبووەکانمان نەدۆزرێنەوە و بکوژەکانیان دادگایی نەکرێن، ئێمە شەقامەکان یەجێ ناهێڵین."

"من ٤٠ ساڵە بەدوای براکەمدا دەگەڕێنم"

میکائیل کربایر برای جەمال کربایر کە لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ دوای ئەوەی دەستگیر کرا، بێسەروشوێن کراوە، دەلێت، ئەوا ٤٠ ساڵە بەدوای براکەمدا دەگەرێم. ئەوانەی مەجبوورمان دەکەن بێین بۆ ئێرە، ئەوا هێزەکانی دەوڵەتن. ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت نەبوانا ئێمە نەدەهاتینە ئێرە. لە هەشتاکانەوە ئێمە بە دوای ونبووەکانماندا دەگەڕێن. لەم وڵاتە مرۆڤ بێسەروشوێن دەبن. ئێمە هەموو ساڵیک لە دژی کودتاچییەکان هەڵوێستمان پیشاندا و داوامان کرد واز لە زیهنییەتی ١٢ی ئەیلول بهێنن. هەر دەسەڵاتێک هاتە سەر تەخت، وتی، "ئێمە لە دژی کودەتا و کودەتاچییەکانین". ئەگەر ئێوە لە دژی کودەتاچییەکانن، بۆ رێگە نادەن لە گۆڕەپانی گالاتاسارای لێدوان بڵاو بکەینەوە. داواکارین یەکسانی جێگای خۆی بکاتەوە."

'داواکارییەکانمان بەردەوامن'

عەلی ئۆجاکیش برای حەسەن ئوجاکە کە وا ٢٥ ساڵە بێسەروشوێنە. عەلی دەلێت:" براکەم لە ٢١ی ئازاری ١٩٩٥ دەستگیر کرا و دواتر جەنازەکەی دۆزرایەوە. ئەوا ٢٥ ساڵە من لەم گۆڕەپانەم. هەموو ساڵێکی نوێدا هیواو داواکانمان باسکرد. بەڵام هیچ وڵامێکمان نەدرایەوە. هەموو ساڵێک زوڵم و ئەشکەنجە و دەستگیرکردن و گرتن و مردن لە گرتووخانەکان و مردن لە ئەنجامی رۆژووی مردن، زیاد و زاتر بوون. هیچ بڕواو هیوایەکمان بەو کەسانە نییە کە لەم ساڵەشدا وڵات بەڕیوە دەبەن. چونکە لە وڵات ماف و داد و یەکسانی نییە. تەنها مردن هەیە."

'ساڵی رابردوو بوو بە ساڵی نایەکسانی'

عیرفان فیلگین برای کەنان بیلگینە کە ئەویش لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٩٤ لە ئەنقەرە دەستگیر کراو ئیدی نەبینرایەوە.

عیرفان دەڵێت:"ساڵێکی دیکەشمان تێپەڕاند بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنکراوەکاندا. هەموو سەرەتای ساڵێک ئێمە بە هیوای داد و یەکسانی دەست پێدەکەین. بەڵام هەموو ساڵێک بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، خرابتر بوو. لە ساڵی رابردووشدا هیوای ساڵێکی بەدیهانێنانی یەکسانیمان کرد، بەڵام لە هەموو ساڵێک خراپتر تێپەڕی. بوو بە ساڵی نایەکسانی."

'تێکۆشان بەردەوامە'

ئیکبال ئەرەنیش خوشکی هایرەتین ئەرەن کە ئەویش لە ٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ دەستگیر کرابوو، دواتر بێسەروشوێن کرا. ئیکبال دەلێت، بانگەوازیمان بۆ هەموو کەسێک ئەوەیە کە لە دژی توندوتیژییەکان، تێکۆشان بەگوڕتر بکەن. دایکم کە بۆ بەدیهاتنی یەکسانی و دیمۆکراسی تێکۆشا لە نیوەی رێگا بەجێی هێشتین. من بەردەوامی دەدەم بە ریگاکەی ئەو کە لە نیوەدا ماوەتەوە و بڕیارم داوە تێکۆشان بەگوڕتر بکەین."

'دەولەت دەسەڵاتی هەیە، بەڵام نایکات'

گوڵسەرەن یوڵەری سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی لقی ئەستەنبوڵیش قسەی کرد و وتی:"دەوڵەت ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی سزانەدان پەیرەو دەکات. ئەو تاوانانەی کراون، روون و ئاشکران. بەڵام بکەران دادگایی ناکرێن. داوای ژیتەم بە بێتاوانبوون کۆتایی پێهات. داوای ژیتەم لە ئەنکەرەش وا بەرەو هەمان ئاراستە دەڕوات. ئایا دەوڵەت راستییەکە نازانێت. کێ ئەو تاوانەی ئەنجام داوە، دیارە. عبدولقادر ئایگان یەک بە یەک باسی تاوانبارانی کرد. بەڵام تا ئێستا هیچ کەس لەوانە دادگایی نەکرا. بە هەمان شێوە ئایهان چارکن ئەوەی ئەنجامی دابوو، یەک بە یەک باسی لێوەی کرد. بەڵام هیچ کەسێک نەدرایە دادگا. بابەتەکە سزانەدانی بکەرانە. دەوڵەت هێزی ئەوەی هەیە بەڵام نایکات. پێویستە ئێمە تێکۆشانمان بەگوڕتر بکەین."

ز.ش