ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد، ده‌رباره‌ی ڕێگرییه‌كانی ئاسایشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ڤه‌ری بادینان دژی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له كاتی ڕووماڵكردنی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی شیلادزێ دژ به داگیركاریی توركیا، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه: «له‌م دواییانه‌دا فشاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندن زیادی كردووه. له ماوه‌ی مانگێكدا زۆر خه‌باتكاری كه‌ی ئێن ئێن، ڕۆژ نیووز و ئێن ئاڕ تی ده‌ستگیركراون. دوایین جار نووسینگه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له دهۆك له لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه داخرا و ٤ خه‌باتكاری نووسینگه‌كه ده‌ستگیر كران.»
«دوای ئه‌وه‌ی ٢٣ی كانوونی دووه‌م\٢ی ڕێبه‌ندان به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان له گونده‌كانی دێره‌لووك ٤ هاوڵاتیی سیڤیل ژیانیان له‌ده‌ست دا، گه‌لی شیلادزێ ڕێپێوانێكی بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له كۆمه‌ڵگه‌ی سیری ئه‌نجام دا. تیمی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی-یش چالاكییه‌كه‌ی گه‌لی دژ به بۆردومانی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ڕووماڵ كرد. ئاسایشی دهۆك هه‌مان ڕۆژ هێرشی كرده سه‌ر تیمی ئێن ئاڕ تی كه له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی دهۆك ڕووماڵی بارودۆخی ته‌ندرووستیی برینداره‌كانی شیلادزێی ده‌كرد، دواتریش نووسینگه‌ی ئێن ئاڕ تی له دهۆك داخست.»
ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، ده‌ستگیركردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی ڕووداوه‌كان بۆ ڕای گشتی ده‌گوازنه‌وه و داخستنی نووسینگه‌ی ئێن ئاڕ تی ده‌ریده‌خات كه حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت خۆی له به‌رانبه‌ر ڕاستییه‌كان ڕابگرێت. ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وانه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه و داخستنی نووسینگه‌كان ده‌ستدرێژییه له به‌رانبه‌ر ئازادیی كاری ڕاگه‌یاندن.
ئه‌م ڕێكخراوه‌ی ڕۆژنامه‌وانانی باكووری كوردستان ئیدانه‌ی فشاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم دژی ڕۆژنامه‌وانان ده‌كات و داوا ده‌كات ده‌موده‌ست كۆتایی به‌و فشارانه بهێنرێت.
s.m