دەمیرتاش: کۆمەڵکوژیی دڕندانە ئەنجام دران و ئێمەش بێدەنگ نەبووین

دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان بەڕێوەچوو، دەمیرتاش تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژی سوور و جزیر و جەختی کردەوە کە ئەو لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانە بێدەنگ نەبووە.

١٩مین دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە سنجان لەزیندانی پیتی ف-ی ئەدێرنە بەڕێوەچوو، تێیدا دەمیرتاش لە ڕێگای دەنگ و دیمەنەوە، بەشداری دانیشتنەکە بوو.

دەمیرتاش لەبارەی پوختەی ژمارە ٣ی پەیوەست بە قسەکانی کە لە ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە لیجە کردبووی، پارێزگاری لەخۆی کرد.

دەمیرتاش لە بارەی پوختەی ژمارە سێی تایبەت بە قسەکانی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥یدا کە لە لیجە کردبووی، مافی پاراستنی وەرگرت و رایگەیاند، پوختەی ئەو قسانەی لە لیجە کردوویەتی، جیا کراونەتەوەو هەڵبژێردراون و بەمەبست ئامادە کراون.

دەمیرتاش باسی لە پوختەی قسەکانی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو ئەم قسانەی لە نێوان هەڵبژاردەکانی ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووهەم کردوویەتی و وتی:" لەو سەردەمەدا لە چەندین ناوچە شەڕ دەستی پێ کردبوو. ئێمە لە هەوڵی ئەوەدا بووین ئەو شەڕانە بوەستێنین."

دەمیرتاش لە وڵامی پرسیارێکی دادوەرەکەدا وتی، هەموو قسەکانیان پێچەوانە کردووە. دەمیرتاش باسی لە رۆڵ و راستیی ئاشتی و دیمۆکراسی و دانوستان و دیالۆگ کرد.

لە بەردەوامی قسەکانیدا دەمیرتاش وتی:"ئەو قسانەی لە پوختەکەدا نووسراونەتەوە، بیرو بۆچوونی منن. من دووبارەشیان دەکەمەوەو لە پشت قسەکانم دەوەستمەوە. کاتێک ئێمە دەگەڕێینەوە دواوە و سەیرێکی رابردوو دەکەین، دەڵێین خۆزگا ئەو قسانەمان جێبەجێ کردبان. خۆزگا ئەو شتانەی باسمان کردبوون، هێزی سیاسیمان هەبوایا و بەفەرمیمان بکردایا. من تەنها بۆ ئەمە دڵگرانم. ئەگەر نا هیچ دڵگران نیم کە دادوەر ئەم قسانەم چۆن دەنرخێنێت. پێویستە مرۆڤ بە گومانەوە سەیری ئەو دادوەرە بکات کە قسەکانی منی کردووە بە قسەی "بەڕێوەبەرایەتی رێکخستن". خزمەت بە کێ دەکات و کێشەی چیە، پێویستە مرۆڤ ئەم بابەتە گۆتوبێژ بکات."

دەمیرتاش تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژییەکانی سووری ئامەد و جزیر و وتی:"لەو ناوچانە خەڵکی مەدەنی زیانێکی زۆری بەر کەوتووە. چونکە ئەم  باسەم خستووەتە روو، من ئێمڕۆ تاوانبار دەکرێم."

ز.ش