دەوڵەتى تورکیا لە وان جانتای پشتی قەدەغە کرد
لە دواى دەرکردنى فەرمانەکەى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورک، پۆلیسی تورک لە وان دەستیکردووە بە پشکنینی فرۆشگەکان و جانتاکان لە فرۆشگەکان کۆدەکەنەوە.
لە دواى دەرکردنى فەرمانەکەى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورک، پۆلیسی تورک لە وان دەستیکردووە بە پشکنینی فرۆشگەکان و جانتاکان لە فرۆشگەکان کۆدەکەنەوە.
پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک ماوەیەک لەوە پێش لە فرۆشگەکانى پێڵاودا دەستیان کرد بە کۆکردنەوەى پیڵاوی جۆری مەکاپ و کڕین و فرۆشتنى ئەو پێڵاوەیان قەدەغەکرد. ئێستاش دواى جانتای جۆری جەک ڤۆلسکن (Jack Wolfskin) کەوتون.
پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە وان هەڵیانکوتایە سەر هەموو فرۆشگەکانی فرۆشتنى جانتا و جانتاکانی جۆری جەک ڤۆلسکن-یان کۆکردەوە و کڕین و فرۆشتنى ئەو جۆرە جانتایەیان قەدەغە کرد. کۆمپانیای جەک ڤۆلسکن جگە لە جانتا، پێڵاو و چەندین جۆر جلوبەرگی تریش دروست دەکات. جانتاکەشی زۆرتر لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکار دەهێنرێت کە شاخەوانی، یان سەیران و گەشت دەکەن.
ئاشکرا بوو، کۆکردنەوەى جانتاکان لە دواى فەرمانەکەى رۆژی ٦ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ١٥ی خەرمانان-ی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورکیا دەستیپێکردووە.
لە فەرمانەکەى سۆیلو دا بۆ هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورک دا هاتووە، لە فرۆشگە گەورەکان و دوکانەکاندا فرۆشتنی خواردەمەنی و جلوبەرگی سەرنجڕاکێش بخەنە ژێر چاودێرییەوە و بۆ ئەوەش قورسایى بخەنە سەر کاری سیخوڕی و هەواڵگری.
لەو فەرمانەى وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورک دا ئەوەش هاتبوو "ئەو کەسانەى خواردەمەنی و پێداوێستیى تری ژیان لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا ببینرێت، دەبێت بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت خواردەمەنی و پێداویستییەکان بۆ کێ دەبەن".
موعەزەز ئۆرهان: دەیانەوێت کۆمەڵگەى گۆشەگیر و دابڕاو بکەن
موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان رایگەیاند، هەر وەک ساڵانى ١٩٩٠ کان بڕیاریان دەرکردووە، کە کام جانتا لە کوێ و لەلایەن چ کەسانێکەوە بەکاربهێنرێت.
ئۆرهان راشیگەیاند "دیارە لەبەر خواستى زۆر بۆ ئەو جانتایە، گومانیان لەلا دروستبووە و بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ دەیانەوێت ژیانى رۆژانەى کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکەن".
ئۆرهان باسی ئەوەشیکرد "دەیانەوێت بەو جۆرە هەڵسوکەوت و فەرمان دەرکردنانە کۆمەڵگە گۆشەگیر و دابڕاو بکەن، بۆیە دەبێت بە خێرایى دەستبەرداری ئەو کار و هەڵسوکەتەیان ببن. باشە دەبێت جەندرمە بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە هاووڵاتییان چی بخۆن و چی بکڕن؟ ئەو کارانە بۆ ئەوە دەکەن کە گوشار و زۆرداری بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، بەڵام لەوەدا سەر ناکەون".
ر.م