کۆبوونەوەکە سەرەتا بە ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی شۆرشی ئازادی کوردستان، سەرجەم مرۆڤایەتی و بە تایبەت گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران دەستی پێکرد.
لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی سیاسی بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا. لە هەڵسەنگاندنەکان دا ئەو قەیرانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئارادیە وەکوو قەیرانی سیستەمی جیهانی پێناسە کرا و بەم شێوەیە باس لە بارودۆخەکە کرا:
سەرجەم بەرەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و دەوڵەتانی قەوارەپارێزی هەرێمی لە سەر بنەماکانی دەوڵەت-نەتەوە کۆکن، بەڵام دەیانەوێ دیزانێکی نوێی بۆ سیستەمی جیهانی بە ناوەندێتی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە پێبدەن کە لە بەرژەوەندیی خۆیان دا بێت و ڕێگای هاتووچۆی سەرمایە لە سەر ئەساسی بنەماکانی نێئۆلیبرالیزم خۆش بکەن. لە سەر ئەم ئەساسە شەڕێکی ناڕاستەوخو و بە دەستی هێزە بەکرێگیراوەکانیان بەڕێوە دەبەن. ئەو شەڕە هەندێ تایبەتمەندی هەیە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە شەڕێکی چەکدارییە و ڕۆژانە مرۆڤەکان دەبنە قربانی، لە هەمانکاتدا شەڕێکی ئابوورییە بۆ لە قاڵبدانەوەی ئەو دەوڵەتانەی لە دەرەوەی سیستەم جێگا دەگرن وهەوڵدانێکە بۆ ڕیفۆرمیزەکردنی سیستەمی ئابوورییان لە سەر ئەساسی بازاری ئازاد و پەرەسەندنی کەرتی تایبەت و بەشداری پێکردنیان لە سیستەمی جیهانی سەرمایە دا. لە لایەکی دیکە هەوڵدانێکە بۆ لاوازکردنی سیاسەتی هژمۆنگەرایی دەوڵەت-نەتەوە قەوارەپارێزەکانی هەرێمی وەکوو ئێران و تورکیا. دەبێت ئەو ڕاستییە ببینرێت کە قەیرانی هەیە لە ئاکامی هەوڵدانی سەردەستکردنی هێژمۆنی سیستەمی ناوەندگەرایی مودێرنیتەی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی بۆ سەر جوگرافیای سەرهەڵدانی یەکەمین کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤایەتی واتا رۆژهەڵاتی ناوینە و ئەمەش کارەساتی گەورەیی کۆمەڵایەتی، ئابووری، مرۆیی، ژینگەیی و سرووشتی لەگەڵ خۆی هێناوە. هاوکات هەم هێزە سەردەستەکانی جیهانی وەکوو ئەمریکا و هەم دەوڵەتانی قەوارەپاریز وەکوو ئێران و تورکیا بە سیاسەتی هاوبەش دەیانەوێ ئەو هێزە شۆرشگێرانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوین دا تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلان بەرێوە دەبەن، ئاستەنگ و لاواز بکەن و بۆ ئەمەش بە تایبەتی چاوپۆشی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە سەرجەم کوردستان دەکەن و هەوڵی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەدەن. هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەو چوارچێوەیەدا پێکهات. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا پێکدێت کە شەری جیهانی سیهەم بە هەموو چڕییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوە دەچێت. لە سەردەمێکی بەو شێوەیەدا هەموو دەزگا و ڕێکخراوە جیهانییەکانی دوای شەری جیهانی دووهەم کارایی خۆیان لە دەست داوە. لەو چوارچێوەیدا نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆ وەکوو دوو ڕێکخراوی دوایی شەری جیهانی دووهەم لە ئێستادا خۆیان لەناو قەیراندان و ئیدی ناتوانن بڕیار وەرگرن و چارەسەری بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن. ئەم ڕاستییە ئەوە نیشاندا کە جیهان لە سەردەمی شەری جیهانی سیهەم لە ناو لێگەرینی دیزانێکی نوێی دایە، کە هێشتا ئاسۆکەی ڕوون نییە و نیشانەی ئەوەیە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان درێژەییان دەبێت.
ئێران و تورکیا وەکوو دوو دەوڵەتی قەوارەپارێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە درووستکردن و پەرەدان بە قەیراندا ڕۆڵ دەگێرن. هەر دووکیان بە نزیکبوونەوە لە یەکدی، دەیانەوێ ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بگرن، گەر ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر، کەمترین گۆڕانکاری پێکبێت. ئەم دوو دەوڵەتە هاوکات دژایەتی و ناکۆکیی مێژووییان هەیە و، هەردووکیان هەوڵ دەدەن ئەوەی دیکەی لاواز بکات و هێژمۆنی خۆی لە سەر ناوچەکە پەرە پێبدات. ئەم تابلۆیە بە ئاشکرا لە سووریا خۆی نیشان دەدات. بۆ نموونە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە زیندووکردنەوەی "میساقی میللی" سەرجەم ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان داگیربکات و بیخاتە سەر قەوارەکەی خۆی و لە بەرانبەریش دا ئێران بە پەرەدان بە "بەرەی مقاومەت" دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە لێوارەکانی دەریایی سپی و بۆ ئەمەش بە ساڵانە هەوڵدان دەکات و ئەساسەن هەر دوو پڕۆژە بۆ داگیرکردنی کوردستان و لە باربردنی بەرخۆدانی گەلانی ناوچەکە و دەسبەسەرکردنی هەموو سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی کوردستان و ئاستەنگ درووستکردن بۆ دەستێوەردانی زلهێزانی جیهانی لە هەرێمەکەیە.
لە بارودۆخێکی بەو شێوەیەدا تێکۆشانی ئازادی کوردستان بە شێوەیەکی چڕ لە هەموو بەشەکانی وڵات درێژەیی هەیە. هەوڵدانەکان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی لەم چوارچێوەیەدا پەرەیان سەندووە و هەم لە ئاستی بەشەکان و هەم لە ئاستی کوردستان هەوڵدان بۆ یەکگرتن و هاوخەباتی درێژەیی هەیە. بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕەوشی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، گرینگی ئەم خەباتە لە هەموو کاتێک زیاتر خۆی نیشان دەدات.
رژیمی ئێران کە لە بەر چڕبوونەوەی گەماڕۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ڕەوشێکی زۆر خراپ دایە و قەیرانەکانی زیاتر قووڵبوونەتەوە، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی گەلان بووتەوە. بۆیە گرینگە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو بەرەدا یەکێتی خۆی پێکبێنێت. لە لایەکەوە لە ئاستی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەکی دیکە لەگەڵ هێزە شۆرشگێر و ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران. ڕۆڵی هێزی پێشەنگ لە درووستکردنی ئەو دوو بەرەیەدا ڕۆڵێکی دیارکەرە. ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بۆ درووستکردنی ئەو دوو بەرەیە تێکۆشان دەکەین و لە هەمانکاتدا بەوەی کە باوەڕیمان بە هێزی گەل هەیە، تێکۆشان بۆ بەڕێکخستنبوونی ئیرادەی گەل دەکەن. ئێمە سەرجەم هەوڵەکانمان لە سەر ئەساسی نەتەوەیی دیموکراتیک و پەرەسپەکتیڤی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک لە سەر ئەساسی بە بنەما گرتنی هێڵی سێهەمین پەرە پێدەدەین.
سەرهەڵدانی ئەم دواییەی گەلەلەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران بەردەوامی سەرهەڵدانی ساڵانی هەشتاوهەشت و نەوەدووشەشە و لە ئێستادا زیاتر پەرەیان سەندووە. گەلانی ئێران بە ئاشکرا داوای گۆڕانکاری دیموکراتیک دەکەن. لە سەرهەڵدانەکانیان دا بەئامانج وەرگرتنی سەرجەم ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و نیزامی ڕژیمی ئێران، داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەر و یەکسان دەکەن کە ژیان و کەرامەتیان تێدا پارێزراوە بێت. لەو چوارچێوەیەدا وەکوو نەریتی بەرخۆدانی مێژووی جوغرافیای ئێران لەم سەردەمەش دا لە دژی زوڵم و زۆرداری ڕژیمی ناوەندگەرایی خوسرەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن. لە ڕەوشێکی بەم شێوەیەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وەکوو پارتی پێشەنگی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران، ڕۆڵێکی پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازادیخوازانەی گەلان لە ئەستۆ گرتووە. لێرەوە گەلەکەمان ئاگادار دەکەینەوە کە کۆبوونەوەی شەش مانگەی ڕێکخستنەکانمان لە ئەوروپا لە سەر ئەساسی ئەوەی کە " کوردستان داگیرکراوە، دەبێت ئازادی بکەین" و " گەلەکەمان داخوازی ئازادی کوردستانی هەیە" ئاستی تێکۆشانی خۆمان لە ساڵی نوێدا لەسەرجەم بوارەکانی دیپلۆماسی، سیاسی و ریکخستنی بەرز دەکەیەنەوە و تێکۆشان بۆ ئەوە دەکەین کە سەرجەم داخوازەکانی گەلەکەمان پێکبێنین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان کارو خەباتی ماوەی ڕابردوو هەڵسەنگاندنی بۆ کرا. خاڵە لاوازەکان ڕەخنەکران و پێشنار بۆ باشترکردنیان کرا. لە هەمانکاتدا بەرنامەی کاروخەباتی ماوەی داهاتوو ئامادە کراوە و کۆبوونەوەکە بە جۆش و موڕاڵێکی گەورە کۆتایی پێکهات.
لە سەر ئەساسی ئەوەی کە سەدەی بیست و یەکەم قۆناغی فینالە بۆ چارەسەری پرسی گەلی کورد، بە روح و مۆراڵی شۆرشگیری تێکۆشانی خۆمان پەرە پێ دەدەین. کوبۆنەوەکە تەکیدی لەسەر چەند خاڵێک کردەوە.
١/ بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لە دەستی دەوڵەتی داگیرکەر تورکیا و سیستەمی جیهانی لە تێکۆشانێکی جدی وبێ وچاندا دەبین و بۆ سەرجەم چالاکیەکان لەو پێناوەدا خویی بەرپرسیار دەبینێت.
٢/ ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بۆ ئازادی رۆژهەلاتی کوردستان لە داگیرکاری دەولەتی داگیرکەری ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا تێکۆشان دەکەین هاوکات بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوڵەتی داگیرکەر و داپڵۆسێنەری ئێران لە سەرجەم مەیدانەکان تێکۆشانی خۆمان پەرە پێدەدەین.
٣/ هاوکات پێویستی گرینگی کوردان بە یەکێتی نەتەوەی هەیە ئێمە وەکوو هێزێکی پێشەنگ تیکۆشان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی گەلی کورد لە بواری سیاسی وکۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وتەواوی کوردستان دەکەین.
٤/ بۆ ئەو گەلانەی ئیران کە لە ئێستادا لە دیاسپۆرا ژیان دەکەین کوبۆنەوەکە تەکیدی کرد کە دەبێت لە ناوبەری گەلی کورد، فارس، عەرەب، ئازەری، بەلۆچ .. یەکێتی گەلان دروست بکڕیت و پیویستیەکانی کاری هاوبەش بۆ بەڕەنگار بوونەی دەولەتی داگیرکەری ئێران پێش بخڕێت.
٥/ کوبۆنەوەکا بۆ لە بە رێکخست کردنی ژنان و بەشداریان لە سەرجەم بوارەکانی تیکۆشان و بەریوەبەری لە ناو کۆمەڵگادا تەکیدی کرد، کە ژنان بە ئێرادەو بریاری خوویان بتوانن رەوڵیان هەبێت لە بەریوەبردنی کۆمەڵگا.
٦/ کوبۆنەوەکە بە بنەماگرتنی پەروەردە و بە رێکخستن کردنی جەوانان هەوڵ دەدات کە جەوانان لە ئەوروپا لە کریمینالیزە بوون بپارێزیت کە نەکەونە داوی کێشەو گرفتەکانی کۆمەلگای ئەوروپا.
٧/ بۆ بارودۆخی ماڤی مرۆڤ وداگیرکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان کار دەکەین بۆ ئاگادارکردنەوەی زۆرتری سەرجەم ناوەندە پیوەندیدارەکان لە ئەوروپا کە دەنگی رەواو داخوازی گەلەکەمانیان پێ رابگەینین.
٨/ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا فرە رەنگی ئتنیکی هەیە کە هەر ئەوانە ئەمڕۆ لە دیاسپۆرا ژیان دەکەن و تایبەتمەندی کەلتۆری و باوەری خویانیان هەیە، هەر بوویە ئێمەش سەرجەم تایبەتمەندیەکانیان بە بنەما دەگرین.
ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئەوروپا ١٣/١٢/٢٠١٩
ز.ش